ئیسماعیل ته‌نیا – ئه‌ڵمانیا
ئه‌م بابه‌ته له
وه‌رزه گۆڤاری پێشهات وه‌رگیراوه
هه‌بوونى پانتاییه‌کى فراوان له ئازادى و ده‌سته‌به‌ر بوونى ئامێره‌کانى چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌و بنکه‌کانى فۆتۆکۆپى کردن ،له ئه‌وروپادا،هۆکارێکى سه‌ره‌کین بۆ زۆربوون و به‌ربڵاوى گۆڤار‌و ڕۆژنامه و بڵاوکراوه کوردییه‌کان ،له ده‌ره‌وه‌ى وڵات‌دا
هه‌ر له‌م ڕوانگه‌ى سه‌ره‌وه،وێڕاى بوونى بۆشاییه‌کى گه‌وره له بوارى ڕۆژنامه‌و گۆڤارى کوردى له شارى به‌رلین ى ئه‌ڵمانیادا، که ڕهوهندێکى زۆرى کورد له‌م شاره نیشته‌جێن ، که به نه‌زه‌نده خۆى له په‌نجا هه‌زار که‌س ده‌دات ، هۆکارێکى تر‌ى پێویست بوونى ڕۆژنامه‌یه‌کى کوردى بوو له‌م شاره‌دا .. هه‌ردوو براى به‌رێز ( پێشڕه‌وى سه‌ید برایمى و عبدولموئمین ده‌شتى )شانى خۆیان دایه به‌ر ئه‌م کاره‌و توانیان یه‌که‌م ژماره‌ى ڕۆژنامه‌یه‌کى ( مانگانه)،به شێوه‌یه‌کى ساده‌و هه‌ژارانه ،به‌ناوى سه‌کۆ ده‌ربکه‌ن
سه‌کۆ سهراڕاى ساده‌و ساکارى له بوارى هونه‌ری ڕۆژنامهگهریههوه (به‌تایبه‌تیش تا ژماره 28 ) ى ،توانیویه‌تى کهلێنێکىگهوره پڕ بکاته‌وه و ببێته پردێک بۆ یه‌کتر دۆزینه‌وه‌ى نوسه‌رانى تاراوگه‌و ، ئاڵ‌و گۆڕ کردنى بیروڕاکانیان ..چه‌ند ده‌نگێکى تازه‌ش له‌سه‌ر بڵند گۆى ئه‌م سه‌کۆیه پێگه‌یشتن و تواننییان بوونى خۆیان بسه‌لمێنن ..سه‌کۆ ،له‌م تاراوگه‌و ئاواره‌یى و نامۆ بوونه‌دا .ببووه کڵاوڕۆژنه‌یه‌ک بۆ ڕوناکى و درزێک بۆ هه‌ناسه‌دان .له‌کاتێکدا سه‌کۆ هاته مه‌یدانه‌وه ،که بارودۆخى ناوه‌وه‌ى کودرستان له‌گه‌رمه‌ى شه‌ڕو پێکدادانا بوو و تاکه هه‌واڵێک به زه‌حمه‌ت ده‌گه‌یشته خه‌ڵکه تهریوهکان .هه‌ردوو که‌ناڵه کوردیه‌که‌ى باشوورى کوردستان ،بوونیان نه‌بوو .ته‌له‌فون و په‌یوه‌ندى کردن به کوردستانه‌وه زۆر زه‌حمه‌ت بوو ،یان هه‌بوو به‌ڵام ئه‌وه‌نده گران بوو ،که‌م که‌س ده‌کرا بتوانێت مانگانه په‌یوه‌ندى به که‌س وکاره‌وه بکات .. وێڕاى ئه‌مانه‌ش ،ئامێره‌کانى ئه‌نته‌رنێت و پۆستى ئه‌له‌کترۆنى له‌ده‌ره‌وه‌دا ،که‌م که‌س هه‌یبوو وله کوردستانیشدا هه‌ر نه‌بوو ..هه‌موو ئه‌مانه ،گرنگیه‌کى به‌رچاویان به بڵاو کراوه کوردییه‌کان ،به‌تایبه‌تى سه‌کۆ به‌خشى و زۆر هه‌واڵ و پسکه پسکى کوردستان‌مان ،له‌م چاوگهیهوه ده‌ست ده‌که‌وت ، دتوانین سه‌کۆ به ڕێک وپێکترین بڵاوکراوه‌ى مانگانه له‌باره‌ى کاتى ده‌رچوون و ته‌مه‌ن درێژى و قه‌باره‌وه ،له ئه‌ڵمانیا و له‌شارى به‌رلین ،له‌قه‌ڵه‌م بده‌ین ..به‌ڵام مه‌خابن ،له دوا ڕۆژه‌کانیدا گرفتى پاره‌و نه‌بوونى کادیر ته‌نگى پێههڵچنى و وایکرد ،( پێشڕه‌و ) سه‌رپه‌رشتکار ،بۆ یه‌که‌م جار‌و له ژماره 43 دا ده‌نگى لى هه‌ڵبڕى و بڵێت ( ئێستا لێره له به‌رلین ئه‌وه ماوه‌ى چوار ساڵه خه‌ریکى ده‌رکردنى سهکۆم ڕزگاریمان _ ڕزگارى .ئۆرگانى ناوه‌ندى یه‌کێتى شۆڕشگێرانى کوردستان له‌شاخ بوو .ئیسماعیل _ده‌رده‌کرد وه‌زعمان زۆر باشتر بوو ،هه‌رچه‌نده ڕۆژانه بۆردومانى فڕۆکه و تۆپمان له‌سه‌ر بوو ..له سه‌رده‌مى سه‌کۆدا زۆربه‌ى کاره‌کانى که‌وتۆته ئه‌ستۆى خۆمه‌وه و گرفتهکانیشى گه‌یشتۆته گیرفان و باخه‌ڵمه‌وه .. ڕزگارى شاخ و پێئشمهرگایهتى ،ئه‌رکى خه‌بات و تێکۆشان بوو ،که‌چى نازانم سه‌کۆى ئه‌وروپا چ ڕۆلێکى دهبى؟
ئیدى له‌م ژماره به‌دواوه ،سه‌کۆ که‌وته دواکه‌وتن و خێشه خیش ،نه‌یتوانى مانگانه به شێوه‌یه‌کى ڕێک و پێک بگاته ده‌ست خوێنه‌رانى و نیشانه‌ى ئه‌وه‌ى لى به‌دى ده‌کرا که بهیکجارى له‌کار بکه‌وێت. له دوا ژماره‌یدا ،که ژماره‌ى ماڵئاوایى بوو ، له لاپه‌ڕه‌ى یه‌که‌میدا ،لاپه‌ڕه‌ى یه‌که‌مى هه‌ر 49 ژماره‌که‌ى پێشووى به بچوککراوهیى بڵاو کرده‌وه وسهرپهرشتکار له (سهکۆمان ) دا گوتى ( سه‌کۆ له‌وانه‌یه وه‌ک هیچ بڵاوکراوه‌یه‌کى کوردى نه‌بى ،چونکه ئه‌و مانگنامهیهى که ماوه‌ى پێنج ساڵه ده‌رده‌چى ئه‌رکى سه‌ره‌کى له‌سه‌ر شانى تاکه که‌سێک بووه به تایبه‌تى له‌دواى ژماره 29 وه ساته‌کانى کارکردن له سه‌کۆ دا تا گه‌یاندن به چاپخانه و دابه‌شکردن و پۆست کردنى ،ساتى ئاسایى نه‌بوون ..به‌ڵکو ساتى قه‌ره‌باڵغى و ئاپۆڕى کاغه‌ز و وتار نوسین و ناڵه‌ى کۆمپیوته‌ر و خڕه‌ى سکێنهرو گرمه‌ى پرنته‌ر و ته‌قه‌ى تایپ کردن و کۆکردنه‌وه زانیارى و گوڵبژێرى به‌رهه‌مه‌کان بوو .له هه‌مووى کات قوت ده‌رو بى ڕه‌زا کاته‌کانى تایپ کردن بوو ،دوا به‌دواى ئه‌وه مۆنتاژ و ڕێکخستنى لاپه‌ڕه‌کانى ..لێتان ناشارمه‌وه هه‌موو ژماره‌یه‌ک تۆبهیکم ده‌کرد ، به‌ڵام کورد گونهنى ،تۆبه‌ى گورگ مه‌رگه ! ئیتر قسه‌یه‌کى خێرى ئێوه و مه‌دح و سهنایهکى وڵات قوڕمیشى ده‌کردمه‌وه ...) ناوبراو له‌سه‌ر گرفت و کێشه‌کان ، زێتر ده‌وه‌ستێت هۆیه‌کانى ده‌رنه‌چوون و دواکه‌وتنى ده‌ستنیان ده‌کات ،له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌ڵێن به خوێنه‌ران ده‌دات ( تا لێره بم سه‌کۆ به کوێره‌وه‌رى هه‌ر ده‌رده‌که‌م گه‌ر لێره‌ش نه‌بووم ، ئه‌وه داواى لێبوردن ده‌که‌م ..به‌و هیوایه‌ى دواى دواى ته‌حه‌مول و ئارام به‌م زوانه نه‌پچڕێت ...!)
دیاره پاش ده‌رچوونى ئه‌و ژماره‌و تۆمارکردنى ئه‌و گرفتانه ،سه‌کۆ له‌کار وه‌ستا و ،کاک پێشڕه‌ویش به‌ره‌و وڵات گه‌ڕایه‌وه ....
له‌به‌ر گرنگى سه‌کۆ له‌م ماوه پڕ له کێشمه کێش و بى هیواییه به تایبه‌تیش له تاراوگه دا ، هه‌روه‌ها بۆ سود گه‌یاندن بۆ مێژووى ڕۆژنامه‌گه‌ریى ، به پێویستم زانى ماوه‌یه‌کى باشى کاتى خۆم بۆ ڕونکردنه‌وه و شه‌ن وکه‌و کردنى هه‌ر 50 ژماره‌که‌ى سه‌کۆ ته‌رخان بکه‌م و به خوێنه‌رانى بناسێنم ..له سه‌ره‌تاشدا ده‌مه‌وێت سوپاسى براو هاوڕى ى به‌ڕێزم کاک ( عبدولموئمین ده‌شتى ) بکه‌م که شه‌ش ژماره‌ى سه‌کۆ ى پێشکه‌ش کردم و له نامه‌یه‌کى ڕۆژى 25/6/2004 یشدا کۆمه‌ڵێک زانیارى به سودى پێشکه‌ش کردم .بۆ شیکردنه‌وه‌و شڕۆڤه کردن و هاودێر کردنى بابه‌ته‌کان و ناوه‌رۆکى سه‌کۆ ، حه‌زم کرد هه‌وڵه‌کانمان به‌سه‌ر چه‌ند ته‌وه‌رێکدا دابه‌ش بکه‌م ، تاوه‌کو باشتر‌و چڕتر ئامانجه‌کانم بپێکم .....
نووسه‌ره‌کانى سه‌کۆ
سه‌کۆ وه‌ک هه‌ر بڵاوکراوه‌یه‌ک ،کۆمه‌ڵێک نوسه‌رو ڕۆژنامه‌نوسى کوردى له ئه‌ڵمانیا و شوێنه‌کانه جیا جیاکانى جیهان له ده‌ورى خۆیدا کۆکردبۆوه..هاوکارانى له وڵاته‌کانى هۆڵه‌ندا.سوید .به‌ڵجیکا،نه‌رویژ،فنله‌ندا،سویسرا،ئێران و پاکستان وه جارجاریش له کوردستانه‌وه بابه‌تى جۆر به‌جۆر سه‌کۆیان به‌سه‌ر کردۆته‌وه..وێڕاى ئه‌وه‌ش ،له زۆر له‌و وڵاتانه ،په‌یامنێرى تایبه‌تى خۆى هه‌بووه و بى به‌رامبه‌ر کاره‌کانیان ئه‌نجام داوه .له‌م بڵاوکراوه‌یه‌دا ،کۆمه‌ڵێک ناوى وا به‌دى ده‌کرێت که ته‌نها له سه‌کۆ دا ناوبانگیان ده‌رکردووه و زێتریش ناوى خواستراو بوون ،به‌پى ى زانیاریه‌کانى ناو نامه تایبه‌تیه‌که‌ى ( ده‌شتى ) ( عه‌تا احمد ،چاو‌دێر ،زێره‌ڤان و پێشه‌وا ) شه‌خسى ده‌شتى خۆى بوون و ( نه‌خۆشێک و غازى مارف ) یش کاک پێشڕه‌و بووه به‌پێى لێکدانه‌وه‌ى خۆم و ناسینه‌وه‌ى شێوه نوسینى نوسه‌رانیش ( ئارى هه‌ولێرى ،شاڵاو خه‌یلانى ،دڵشاد قادر ) یش شێرزاد هه‌ینى بوون ،خۆشم یه‌ک تاکه نوسینم به ناوى خواستراوى عبدوڵا گۆمه‌شینى بڵاو کردۆته‌وه که کاتى خۆشى له ساڵانى 1993_1994 له کوردستاندا چه‌ند بابه‌تێکم به هه‌مان ناو بڵاو کردۆته‌وه ،دڵنیام ناوه خواشتراوهکان زۆر له‌وه زێترن ،به‌ڵام من هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م بۆ ساغ کراوه‌ته‌وه ...(165 )ناو‌و نازناو له سه‌رجه‌م 50 ژماره‌که‌ى سه‌کۆدا به‌رهه‌میان بڵاو کردۆته‌وه که 88 یان ته‌نها یه‌ک بابه‌ت و 25 یان دوو بابه‌ت و هه‌شتیان سێ بابه‌ت و 9 یان چوار بابه‌ت و پێنجیان پێنج بابه‌ت و یه‌کێکێش شه‌ش بابه‌تیان بڵاو کردۆته‌وه ....نوسه‌ره‌کانى تریش به پێی ژماره‌ى بابه‌ته بڵاوکراوه‌کانیان به‌م شێوه‌یه ڕیز به‌ند ده‌کرێن .پێشڕه‌وى سه‌ید برایمى ( به‌ناوى خواستراوهکانیشیهیهوه ) 60 بابه‌ت عبدولموئمین ده‌شتى به ناوه خواستراوهکانیشیهوه 44 بابه‌ت و شێرزاد هه‌ینى ته‌نها به‌ناوى خۆى 36 و محسن ئۆسمان 19 و سه‌لام عبدوڵا 18 .ڕوناک جه‌لى زاده 17 .محمد ئه‌مین پێنجوێنى 17 ، دکتۆر جمال نه‌به‌ز 16 ،ئیبراهیم جه‌لال 15 ،ڕه‌هبه‌ر سید ئیبراهیم 15،قادر ئیبراهیم مینه (قادر وهرتى )14 ،یاسین بانیخێڵانى 14 ،ئیسماعیل ته‌نیا به یه‌ک ناوه خواستراوهکهشهوه 14 ،سه‌مه‌دى مه‌لا احمد 13 ،حسین ڕه‌سوڵ سه‌رگه‌ڕانى 13 ، که‌ریم سورێنى 12 ، على بچکۆل 12 ،حه‌مه‌ى مه‌لا 12 ،ئازاد وهرتى 10 ،ئارام ئه‌مین 9 ،سالار باسیره 7 ،هادى به‌همه‌نى 7 ،ئه‌حمد باڵایى 7 و شێرکۆ بێکه‌س 7 بابه‌تیان بڵاوکردۆته‌وه . ژماره‌ى لاپه‌ڕه‌کان و کاتى ده‌رچوونى
یه‌که‌م ژماره‌ى سه‌کۆ له نۆڤێمبه‌ر ( تشرینى دووه‌م ) ى ساڵى 1996 دا به ( 12 ) لاپه‌ڕه‌ى فولسکاب ( A4 ) ده‌رچووه و ژماره 50 ى که دوا ژماره‌یه له ته‌موزى ساڵى 2001 دا به 12 لاپه‌ڕه‌ى A3 ده‌رچووه .
له ژماره‌ى یه‌ک تا ژماره‌ى بیست و هه‌شتی به قه‌باره‌ى لاپه‌ڕه‌ى فولسکاب ده‌رچووه که ژماره‌کانى ( 9.8.4.2.1 ) یان به 12 لاپه‌ڕه‌و ژماره 12 به 20 لاپه‌ڕه‌و ژماره‌کانى تر‌ى به 16 لاپه‌ڕه ده‌رچووه که کۆى هه‌موو لاپه‌ڕه‌کانى ده‌کاته 430 لاپه‌ڕه‌ى فولسکاب.
له ژماره ( 50.29 ) ى به قه‌باره‌ى گه‌وره A3 و به 12 لاپه‌ڕه ده‌رچووه ،که کۆى لاپه‌ڕه‌کانى ده‌کاته 264 لاپه‌ڕه –بۆ مه‌سه‌له‌ى کات و واده‌ى ده‌رچوونى ،ئه‌وا سه‌کۆ به پێچه‌وانه‌ى زۆربه‌ى هه‌ره زۆرى بڵاو کراوه کوردیه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى وڵات ( ته‌نها چه‌ند ژماره‌یه‌کى دوایى نه‌بێت ) ده‌نا له کاتى دیاریکراوى خۆیدا بڵاوبۆته‌وه.
له ژماره 1 تا 43 زۆر به ڕێک وپێکى و بهبى پچڕان هه‌موو مانگێک بڵاو بۆته‌وه .
ژماره 44 ى پاش دوومانگ وه‌ستان له ئابى 2000 دا بڵاو بۆته‌وه . ژماره‌کانى ( 47.46.45 ) ى مانگانه یه‌ک له‌دواى یه‌ک ده‌رچووینه . ژماره 46 له تشرینى یه‌که‌مى 2000 و ژماره 47 ى له تشرینى دووه‌مى 2000 و ژماره 48 ى له ئازارى 2001 و ژماره 49 له نیسانى 2001 و ژماره 50 له ته‌موزى 2001 دا بڵاو بۆته‌وه.
زۆر گۆڤار‌و بڵاو کراوه‌ى ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ى وڵات کاتى که دوا ده‌که‌ون بۆ چاوبهستهکى کردن ، دوو ژماره به یه‌ک به‌رگ ده‌رده‌که‌ن .. که‌چى سه‌کۆ سه‌ره‌ڕاى دواکهوتنیشى ئه‌م ڕێبازه‌ى په‌یڕه‌و نه‌کردووه .
زمانى ژماره
سه‌کۆ له ماوه‌ى ده‌رچوونیدا ،جگه له کورته هه‌واڵى دوو و سى دێرى و بابه‌تى بچووک بچووک ،ئه‌وا ،
• 847 هه‌واڵى هه‌مه‌ڕه‌نگى کوردستانى و ده‌ره‌وه وپه‌نا به‌رانى بڵاو کردۆته‌وه
• 122 بابه‌تى ئه‌ده‌بى بڵاو کردۆته‌وه که 73 شیعر و 27 چیرۆک و 17 لێکۆڵینه‌وه و 5 په‌خشان ى گرتۆته خۆ .شایانى باسه ، به‌شى زۆرى چیرۆکه‌کان تایبه‌تن به جیهانى منداڵان و له زمانه‌کانى ئه‌ڵمانى و سویدى و عه‌ره‌بیه‌وه کراونه‌ته کوردى.
• 438 بابه‌تى له باره‌ى سیاسه‌ت و مێژوو و کۆمه‌ڵایه‌تى و خێزان و نامه‌ى تایبه‌ت و یاداشتنامه‌و کاروبارى په‌نابه‌ران و ژنان ، بڵاو کردۆته‌وه.
• زێتر له 6 لاپه‌ڕه‌ى تایبه‌ت به وه‌رزشى بڵاو کردءتهوه که به‌شى هه‌ره زۆریان له‌لایه‌ن فه‌رهاد عه‌لى ڤنگه وه ئاماده کراون.
• زێتر له 25 گۆشه‌ى هه‌مه‌چه‌شنه‌ى هه‌بووه که هه‌ندێکیان له ڕووى ناوه‌رۆکه‌وه زۆر له‌یه‌که‌وه نزیک بوون .گۆشه‌کان ،زۆربه‌یان ،ته‌مه‌ن کورت و ناوه ناوه ده‌رکه‌وتوون.
• زێتر له 64 چاوپێکه‌وتنى تایبه‌تى له‌گه‌ڵ که‌سایه‌تى توێژه جۆربه‌جۆره‌کانى کورد و غه‌یره کورد کردووه ،به‌شێکیان چه‌ند جارێک و هه‌ندێکى تریان به یه‌ک دوو به‌ش ،دیمانه‌یان له‌گه‌ڵدا ساز دراوه ..که ئه‌م که‌سایه‌تیانه‌ن ( نه‌وشیروان مسته‌فا، شێرکۆ بێکه‌س، کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ، محمدى حاجى محمود، قادر عه‌زیز، دکتۆر کازم حبیب، ئه‌حمه‌د چه‌له‌بى، عبدولرحمن مزورى، کازم بابه، ئاسۆ هڵمانى، که‌مال که‌رکوکى، سه‌رۆکى چڤاتى کورد له به‌رلین، د. عمر مارف گوڵ، سه‌مه‌دى مه‌لا ئه‌حمه‌د، چڤاتا ڕه‌ڤه‌ندى ڕ‌ۆشنبیرى، به‌کر ڕه‌شید، مسته‌فا چاوڕه‌ش، له‌تیف ڕه‌شد،ئیحسان عبدولعزیز، ڕێکار ئه‌حمه‌د، کۆمه‌ڵه‌ى کوردى ئوسترالیا، که‌ریم بیانى، سه‌ردار پشده‌رى، د. جمال نه‌به‌ز، د. فوئاد مه‌عسوم، د.محمد ساڵح جومعه، د. محمود عوسمان، په‌خشان زه‌نگه‌نه، فاتیح ڕه‌سول، محمد ئه‌مین پێنجوێنى، گوهدار به‌زاز، هێڤى به‌روارى، فه‌همى بالایى، دانیاڵ میتران، جه‌نه‌ڕاڵ ناب، گالبرێس، د. غسان عه‌تیه، د. نورى تاڵه‌بانى، هۆمه‌رى شێخ موس ، خانزاد براند شتاید، سه‌لاح ڕه‌شید، د. عه‌ونى کهرومى، د.کمال فوئاد، د. عیزالدین مسته‌فا ڕه‌سوڵ، به‌هادین نورى، دڵشاد حسن سعید، سلێمان قه‌ساب، باربارا بۆن، جوان حاجۆ، یاسین خێڵانى، که‌ریم ئه‌حمه‌د، نوزاد ڕه‌فعه‌ت، ئه‌حمه‌د ئۆکجۆ ئۆغڵو –پارێزه‌رى پێشوى ئۆجه‌لان، عبدولخالق سه‌رسام، محمدى که‌مانگر، زانا خلیل، ڕوناک مسته‌فا، ئۆلایلپکه ئه‌ندامى په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانیا، عزیزى مورادى، ڕه‌ئوف ڕه‌حیم، حمید مو‌سا، قادرۆک، جه‌وادى مه‌لا، حمه جه‌زا ساڵح قازى .)
مانشێتهکانى سه‌کۆ
سه‌کۆش ،وه‌ک هه‌ر ڕۆژنامه‌و بڵاو کراوه‌یه‌ک بۆ هه‌ر ژماره‌یه‌ک مانشێتى تایبه‌تى به شێوه‌یه‌کى درشت و به‌رچاو دابه‌زاندووه ، که‌زۆربه‌یان تایبه‌ت بوون به ڕوداوه‌کانى کوردستان و پڕۆسه‌ى ئاشتى ..سه‌کۆ له‌گه‌ڵ ئهوهىههوادارو لایه‌نگیرى یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان بوو ، لایه‌نێکى سه‌ره‌کى شه‌ڕه‌که بوو ،له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌گه‌رمه‌ى ڕووداو و پێکداچوونهکاندا دروشمى ئاشتى و پێکه‌وه ژیانى به‌رز کردۆته‌وه و جه‌ختى له‌سه‌ر یه‌کڕیزى ماڵى کورد و یه‌کتر قبوڵ کردن کردۆته‌وه ،بۆیه له 50 مانشێت 29 یان تایبه‌ت بوون به ئاشتبونه‌وه و یه‌کگرتنه‌وه ،که ده‌کاته 58% ى هه‌موو مانشێته‌کان ..ئه‌وانى تریش تایبه‌ت بوون به ساڵیادهکانى هه‌ڵبجه و ڕاپه‌ڕین و نه‌ورۆز و هێرشه‌کانى تورکیا بۆ سه‌ر باشورى کوردستان و قه‌ره‌بوو کردنه‌وه‌ى زیان لێکه‌وتووه‌کانى هه‌ڵه‌بجه و ...تاد.
گۆشه تایبه‌تییه‌کان
سه‌ره‌ڕاى سه‌روتار که له ژماره 1 تا 28 له ژێر ناوى دیدى سه‌کۆ و له ژماره 29 تا 50 ش له‌ژێر ناوى سهکۆمان دا بووه و له ده‌سته ڕاستى لاپه‌ڕه‌ى یه‌که‌مدا بڵاوکراوه‌ته‌وه و گوزارشى له ڕووداوه گه‌رمه‌کان و پێشهاته‌کاندا کردووه و سه‌کۆ لێى به‌رپسیار بووه .،به‌پێى ناوه‌رۆکى نامه‌که‌ى ده‌شتى ،تا واز هێنانى ،زۆربه‌ى سه‌روتاره‌کان ئه‌و نوسیویهتى و دوا په‌یڤیش پێشڕو نوسیوویه‌تى جگه له سه‌روتار ،ئه‌م گۆشانهش ده‌رکه‌وتوون که به پیى ته‌مه‌نیان ڕیز به‌ندیان ده‌که‌ین .
1/ به‌هه‌شتى زیندان گۆشه‌یه‌ک بوو شێرزاد هه‌ینى ده‌ینوسى و زێتر باسى ژیان و گوزه‌رانى په‌ناهه‌نده کورده‌کانى ده‌کرد ..له ژماره 15 تا 50 ، ( 33 ) گۆشه‌ى لێبڵاوکراوه‌ته‌وه .
2/ دوا په‌یڤ گۆشه‌یه‌کى بچوک بوو ،له ده‌سته‌چه‌پى دوا لاپه‌ڕه بهبى ناو بڵاو ده‌کرایه‌وه .له ژماره 1تا 31 (31) گۆشه‌ى لى بڵاو کراوه‌ته‌وه ه‌که زۆربه‌یان پێشڕه‌و خۆى ده‌ینوسى .
3/ خۆیناسین .گۆشهیکى تایبه‌ت بوو (محسن ئۆسمان ) به‌شێوه‌ى کرمانجى سه‌روو ده‌ینوسى و له‌ژماره 27 تا 49 ( 23) گۆشه‌ى لى بڵاو کراوه‌ته‌وه
4/ به‌زمى مام مۆتک .گۆشه‌یه‌کى ئارام به‌خش و گاڵته ئامێز بوو ،خوێنه‌ران پرسیاریان ده‌کردو مام مۆتکیش وه‌ڵامى ده‌دانه‌وه .نمونه‌ى چه‌ند پرسیارێک
* ئه‌رى باشه ڕه‌فیق حیلمى کوى و حیلمى على شه‌ریف لهکوى ؟ کاوه سه‌راج سوید مام مۆتک ئه‌ى باشه کاوه لهکوى و سه‌راجى لهکوى .ئه‌ى کاوه ئاسنگه‌ر نه‌بوو .؟
* خۆ ئه‌وه دیکتاتۆره‌که‌ى ئه‌نده‌نوسیا له‌سه‌ر حوکم نه‌ما و جێگره‌که‌ى بوو به سه‌رۆکى ئه‌م وڵاته .ئه‌مجه‌د عبدولرزاق .، مام مۆتک .،نوخشه بێت له سه‌دام و ته‌ها محىالدین معروف بێتهجێگاى !!!
له ژماره 21تا50 (29) گۆشه‌ى لێبڵاوکراوه‌ته‌وه که پێشڕه‌و خۆى ئاماده‌ى ده‌کرد .
5/ مه‌کۆى سه‌کۆ .گۆشه‌یک بوو وه‌ڵامى نامه‌ى خوێنه‌رانى ده‌دایه‌وه زۆر جارانیش خوێنه‌ران ،کورته سه‌رنج و بۆچوونى خۆیان ده‌رباره‌ى سه‌کۆ و گه‌شه‌پێدانى تێدا بڵاو ده‌کرده‌وه .له ژماره ( 5تا 49 ) ،21گۆشه‌ى لێبڵاو بۆته‌وه.
6/ ژن و ژیان .لاپه‌ڕه‌یه‌ک بوو ،ده‌رباره‌ى خێزان و کاروبارى ژنان بابه‌تى تێدا بڵاو ده‌کرایه‌وه .، (ڕوناکى جه‌لى زاده ) ئهولاپهڕهیهى ئاماده ده‌کردو له ده‌ره‌وه‌ى ڕۆژنامه‌که‌ش ،نوسه‌ران به‌به‌رهه‌م و بابه‌تى په‌یوه‌ندیدار ،لاپه‌ڕه‌که‌یان ده‌وڵه‌مه‌ند تر ده‌کرد .. له ژماره ( 29 تا 50 ) 16 لاپه‌ڕه‌ى لێبڵاوکراوه‌ته‌وه .
7/ به‌ده‌ستمان گه‌یشت گۆشه‌یه‌کى بچکۆلانه‌ى دوالاپه‌ڕه بوو وه‌ڵامى ئه‌و نوسه‌رو ده‌زگایانه‌ى ده‌دایه‌وه که به‌دیارى کتێب و گۆڤار‌و ڕۆژنامه‌ى تازه‌یان پێشکه‌ش به سه‌کۆ ده‌کرد .له ژماره 8تا 28 ( 15) گۆشه‌ى لێبڵاو بۆته‌وه .
8/ شنه‌ى شێنى گۆشه‌یه‌ک بوو کورته سه‌ربورده و ڕوداوى نوکته ئامێزى شۆڕشى نوى ى تێدا بڵاو ده‌کرایه‌وه .پێشڕه‌و ده‌ینوسى ،له ژماره (38تا 50 ) 13 گۆشه‌ى لێبلاوکراوهتهوه .
9/ کتێبى سه‌کۆ یان چاپکراوى نوى .گۆشه‌یه‌کى دوالاپهڕهبوو ،ئه‌و کتێب وبڵاوکراوه نوێیانه‌ى ده‌خسته ڕوو که به دیارى دهگهیشتهسهکۆ .،به شێوه‌یه‌کى کورت وچڕ ده‌خرانه ڕوو .له ژماره 18 تا37 حه‌وت گۆشه‌ى له‌ژێر ناوى ( چاپکراوى نوى ) و له ژماره 38تا 50 سیازده گۆشه‌ى له‌ژێر ناوى (کتێبى سه‌کۆ ) لێبڵاوکراوه‌ته‌وه که به هه‌ردووکیان ده‌کاته 20 گۆشه .
10/ دوالاپه‌ڕه .له‌ژێر ئه‌و ناوهداکۆمهڵێک ناوونیشانى وه‌ک (په‌یڤ و خشته ،مه‌ته‌ڵ ،ئه‌ستێره وبهختى ئاواره‌یى ،کورتهههواڵ ) ى تیدا بڵاو ده‌کرایه‌وه .له ژماره 29 تا 38 ده لاپه‌ڕه‌ى لێبڵاو بۆته‌وه،که ئارام ئه‌مین ئاماده‌ى کردووه.له ژماره 40 تا 50 بووه‌ته پشووى سه‌کۆ و ئاماده‌کارى دیار نییه‌و 11لاپه‌ڕه‌ى به‌م ناوه‌وه لێبڵاوبۆتهوه .
11/ دوا وێستگه .گۆشه‌یه‌ک بوو له ده‌سته‌چه‌پى دوالاپهڕهدا ،له شوێنى گۆشه‌ى (دوا په‌یڤ ) دا بڵاو ده‌کرایه‌وه .ئه‌م گۆشه‌یه قادر ئیبراهیم وهرتى ده‌ینوسى .له ژماره 39 تا 50 یازده گۆشه‌ى لێبڵاو بۆته‌وه.
12/ سه‌کۆى سه‌رگه‌ڕان . (سه‌رگه‌ڕان ) گوندێکى ته‌عریب کراوى ناوچه‌ى کهندیناوهى ده‌شتى هه‌ولێره ..که دواتر بووه‌ته یه‌که‌ى ئیدارى و ڕژێم ناوه‌که‌ى کرده ناحیه‌ى ( قودس ) ..ئه‌م گۆشه‌یه حوسێن ڕه‌سوڵ سه‌رگه‌ڕانى ده‌ینوسى و له دوا لاپه‌ڕه‌دا به ستونێک بڵاو ده‌کرایه‌وه... زۆر جاران پێناسه‌ى وشه‌ى کۆنى کورده‌وارى و داب و نه‌ریتى کوردى تێدا ده‌کرد .له ژماره 18 تا 28 ده گۆشه‌ى لێبڵاوکراوه‌ته‌وه .
13/ ناو به‌ناو ..گۆشه‌یه‌ک بوو ناوبه‌ناو له لاپه‌ڕه‌کانى ناوه‌وه‌دا سه‌رى هه‌ڵده‌دا و هه‌ر جاره‌ى نوسه‌رێک ده‌ینوسى ..له ژماره 33 تا 50 شه‌ش گۆشه‌ى لێبڵاوکراوه‌ته‌وه .
14/ ستوونى دووه‌م .گۆشه‌یه‌ک بووله لاپه‌ڕه دوودا بڵاو ده‌کرایه‌وه ئازاد وهرتى ده‌رباره‌ى کاروبارى سیاسى تێیدا ده‌ینوسى .له ژماره 41 تا 50 نۆ گۆشه‌ى لێبڵاوکراوه‌ته‌وه که ته‌نها له ژماره 44 ی‌دا ناوه‌که‌ى بۆته دواستون .
15/ جگه له‌و گۆشانهى که له سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێکردوون ،ئه‌م گۆشانهش ناوناوه ده‌رده‌که‌وتن .( تکایه باوه‌ڕ به‌م هه‌واڵانه مه‌که‌ن ) سه‌لام عبدوڵا ده‌ینوسى .له سى ژماره‌دا هاتووه .زارۆکان له 8 ژماره ،زایه‌ڵه‌ى لاپه‌ڕه دوو له‌یه‌ک ژماره ،پلارى سه‌کۆ له سێ ژماره ،له به‌رلین چ باسه –حه‌مه‌ى مه‌لا ده‌ینوسى و له چه‌ند ژماره‌یه‌کدا ،کاریکاتێر له هه‌شت ژماره ،ئه‌رى سه‌کۆ چى یه ده‌نگۆ له دوو ژماره ،کورد له ڕۆژنامه‌گه‌ریى ئه‌وروپیدا له حه‌وت ژماره ،که‌عبه‌ى ئامالى کوردان له پێنج ژماره‌دا ،ده‌رده‌که‌وتن .
مه‌سه‌له‌ى هه‌ڵه‌ى چاپ کردن
سه‌کۆ وه‌ک هه‌موو بڵاو کراوه کوردییه‌کانى ناوه‌وه و ده‌ره‌وه بێبه‌رى نه‌بوو له مه‌سه‌له‌ى هه‌ڵه‌ى چاپکردن ..ئێستاشى له‌گه‌ڵدا بێت سه‌ره‌ڕاى ئه‌و هه‌موو پێشکه‌وتنه‌ى بواره ته‌کنیکیه‌کان و زۆرى کادیرى ڕاگه‌یاندن و ئاسانکارى جۆربه‌جۆر ،گۆڤار‌و ڕۆژنامه‌کان ،به‌ده‌ست ئه‌م گرفته‌وه ده‌ناڵێنن ..سه‌کۆ هه‌ر لهژمارهسهرهتاییهکانهوه تا ده‌گاته دوا ژماره‌ى نه‌یتوانیووه به‌سه‌ر ئه‌و گرفته‌دا زاڵ بێت و هاوکاره‌کانى ڕ‌ازى بکات ..له‌م گۆشه نیگایه‌وه ،ئاماژه بهڕاوو بۆچونى ( شێرزاد هه‌ینى )ده‌که‌ین ،که‌کاتى خۆى له پێناو پێشکه‌وتنى سه‌کۆدا پێشکه‌شى کردووه .ناوبراو له لاپه‌ڕه‌ى 14 ى ژماره 14 دا ده‌ڵێت .،(ئه‌وه‌ى زۆر گرینگه و من به عه‌یبى ده‌زانم بوونى هه‌ڵه‌ى چاپه .به‌ڕاستى جوان نییه ،دهبى هه‌ڵه‌ى چاپ هه‌ر نه‌بێت ..) هه‌ر له‌م دهرفهتهکهمهشدا ،ده‌مه‌وێت ده‌ستنیشانى چه‌ند هه‌ڵه‌یه‌کى زه‌ق بکه‌م که کاتى خۆى به‌سه‌ر سه‌کۆدا تێپه‌ڕ بووه .
* ژماره 37 ى تشرینى دووه‌مى 1999 دا ده‌رچووه ،که‌چى له سه‌رى نوسراوه تشرینى یه‌که‌مى 1999 .بۆ زێتر ڕونکردنه‌وه‌ش ژماره 36 ى له تشرینى یه‌که‌مدا ده‌رچووه.
* ژماره 44 ى له ئابى 2000 دا ده‌رچووه ،که‌چى به‌هه‌ڵه له‌سه‌رى نوسراوه ئابى 1999 .
* له‌ژماره 48 دا بابه‌تێکى خۆمیان بڵاوکردۆته‌وه ،له‌جیاتى له‌سه‌رى بنوسن ئیسماعیل ته‌نیا به هه‌ڵه له‌سه‌ریان نوسیوه ئیسماعیل شه‌یدا !!
له ژماره‌کانى دواى هه‌ڵه‌کانیش ،لێبوردن و ڕاستکردنه‌وه ، بڵاو نه‌کراونه‌ته‌وه .
سه‌کۆ و بێلایه‌نى
وه‌ک هه‌ر ده‌زگاو بڵاوکراوه‌یه‌کى تازه دروست بوو ،که کارمه‌نده‌کانى بانگه‌شه‌ى بێلایه‌نى و په‌یوه‌ست بوون به پڕنسیپهکانى ئازادى بیروڕا و بنه‌ماکانى دیموکراتیه‌ت ،ده‌که‌ن ..سه‌کۆش ،هه‌مان ڕێبازى گرتۆته‌به‌ر و خۆى به سه‌کۆى ئازادى بیر‌و باوه‌ڕتانه ) ناساندووه ،به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ،هه‌ردوو کارگێڕو دینه‌مۆ سه‌ره‌کیه‌کانى ،دووکادیرى ناسراوو چالاکى یه‌کێتى نیشتمانى کوردستانن له‌لایه‌ن هیچ که‌سێکه‌وه شاراوه نین ،سه‌یر له‌وه‌دایه ،زۆربه‌ى ڕێکخراوو ده‌زگاو مه‌ڵبه‌نده کولتوریه‌کان ،مۆرى بێلایه‌نى خۆیان ده‌ده‌ن و گوایا به حسێبى خۆیان خه‌ڵکى فریوو ده‌ده‌ن ..دواى ئه‌وه خۆ مه‌سه‌له‌ى په‌یوه‌ست بوون به حیزب و ڕێکخراوهسیاسه کوردییه‌کان خه‌وش نییه ،ئه‌دى ئه‌وه نییه هه‌ر له‌سایه‌ى جه‌ماوه‌رو پێشمه‌رگه‌و هه‌وادارانى ئه‌و پارته سیاسیانه ،ئه‌و ده‌ستکه‌وتانه به ده‌ست هاتوون ؟!ئه‌دى هه‌ر ئه‌و پارتانه ( سه‌ره‌ڕاى هه‌ڵه‌و که‌م و کورتییه‌کان )نه‌بوون که ئه‌ندامه‌کانى خۆیان کردۆته قوربانى و له پێناوى ئهوهشدات ڕوبارێک خوێنیان ڕشتووه ؟!جگه له‌وه‌ش ئه‌و دوو کادیره ،ڵپرسراوهتى باڵایان هه‌بووه و هه‌یه ،له ڕێکخستنه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى یه‌کێتیدا ..له‌گه‌ڵ خستنه ڕووى ئه‌و ڕاستیانه‌شدا ئه‌و دووبرایه خه‌باتیان کردووه بۆ.،( دیموکراسى و گوێگرتن له‌یه‌کتر و ده‌ربڕینى ئازادانه‌ى بیروڕا جیاجیاکان ..)
بۆ نمونه براده‌رێک له ئه‌مریکاوه به‌ناوى خواستراوى مامه خه‌مه له لاپه‌ڕه 14 ى ژماره 14 دا ڕه‌خنه له سه‌کۆ ده‌گرێت و ده‌ڵێت .(..ئه‌من له‌کاتێکدا بۆ یه‌که‌مجار چاوم به ڕۆژنامه‌ى سه‌کۆ که‌وت وه‌کو ڕۆژنامهیکى به سود بۆ خزمه‌تى کوردایه‌تى خۆشحاڵ بووم ماوه‌یه‌کى له‌گه‌ڵ به‌سه‌ر به‌رم ..به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ى هه‌موو خه‌سڵه‌تێکى مرۆڤیهتى و کوردایه‌تى هیچم لى به‌دى نکرد ،له‌وه‌ى زیاتر هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى ڕۆژنامهکهوهتا دوا لاپه‌ڕه‌ى زۆربه‌ى هێرشه بۆ سه‌ر پارتى و بارزانى ..به‌ڕاستى خه‌مى مامۆستا جه‌مال نه‌به‌ز ئه‌خۆم ،چۆن له‌م دوا دواییه‌ى ته‌مه‌نى ڕیشى خۆى به‌ده‌ستى ئێوه داوه ..)
له لاپه‌ڕه دووى ژماره 21 دا دکتۆر جمال نه‌به‌ز ،وه‌ڵامى ئه‌و ڕه‌خنانه‌ى داوه‌ته‌وه له‌ژێر ناونیشانى ( ده‌ست له یه‌خه‌ى سه‌کۆ به‌رده‌ن )دا ده‌ڵێت،( ئه‌م ڕۆژنامه‌یه به‌ڕه‌نجى شانى دوو که‌س ده‌رده‌چێت که نه‌ک له هیچ لایه‌که‌وه یارمه‌تى نادرێن ،به‌ڵکوو له هه‌موو لایه‌که‌وه په‌لامار ده‌رێن ،مه‌به‌ستم له لایه‌نانه به‌زۆرى حیزبه‌کانه ..تا ئێستا له زۆرلاوه ،چ ڕوو به ڕوو چ به ته‌له‌فۆن و چ به‌نامه ئاگادار کراوم که بۆله سه‌کۆدا ده‌نوسم ..ده‌بێژم باشه ئه‌و شتانه‌ى من ده‌یاننوسم خراپن ،حیزبایه‌تیان تێدایه ؟ده‌بێژن نه‌خێر ،مه‌به‌ستم له نوسینه‌کانى تۆ نییه !ده‌بێژم .باشه تۆ نا‌بینیت که نوسینى سه‌رکرده‌یه‌کى کۆمۆنیستى عێراق وه به‌ڕێز ئه‌حمه‌د بانیخێڵانى بڵاو ده‌کاته‌وه له دژى نوسینى سه‌رکرده‌یه‌کى یه‌کێتى ؟ ده‌ڵى ڕاستهوایه ..ده‌بێژم .،ئه‌ى ئه‌و نامه‌یه‌ى که له ئه‌مه‌ریکاوه به نێوێکى خواستهمهنییهوه نێردرابوو بۆ سه‌کۆ جنێوى بۆ ئه‌و براده‌رانه تێدا بوو که سه‌کۆ ده‌رده‌که‌ن هه‌روه‌ها قسه‌ى سوک به‌رامبه‌ر بهمن ،له سه‌کۆدا بڵاو نه‌کرایه‌وه ؟ گوتى ڕاسته ..ئه‌ز به‌ش به حاڵى خۆم سه‌کۆ به ڕۆژنامه‌یه‌کى کوردى باش ده‌زانم و له سنورى ده‌سه‌ڵاتى خۆمدا پشتى ده‌گرم و ئه‌و دووبرادهرهى سه‌کۆ ده‌رده‌که‌ن به نیازى حزبایه‌تى وحیزب حیزبێنه ده‌رى ناکه‌ن و سه‌کۆش له ڕۆنى خۆیدا سۆر ده‌کرێته‌وه و ڕۆنه‌که‌ش ئابۆتهى خوێنهرهکانێتى که ته‌نى پوولى پۆسته‌که‌ى ده‌رده‌هێننه‌وه ،له‌به‌ر ئه‌وه شه‌ڕفرۆشتن به سه‌کۆ خێرى که‌سى تێدا نییه ...)هه‌ر له‌باره‌ى بێلایه‌نى و لایه‌ندارى سه‌کۆ ،خوێنه‌رو نوسه‌رانى جه‌خت له‌سه‌ر فراوانکردنى ده‌لیڤه‌ى بڵاوکردنه‌وه‌ى بیروڕاى ئازاد ده‌که‌نه‌وه..له‌م ڕووه‌وه ده‌نوسن ؟ -
-(... گوتومه ئه‌وه ڕۆژنامه‌یه‌کى بێلایه‌نه‌و به هیچ جۆرێک په‌یوه‌ندى بهشهڕه ده‌نوکه‌وه نی یه که‌له وڵاته‌وه دهکرى ..به‌ڵام له ژماره‌کانى تر به دواوه ده‌رده‌که‌وت هێواش هێواش به‌ره‌و سیاسه‌ت ده‌ڕواو هه‌تا دێت ئه‌م شه‌ڕه دهنوکهو حزبایه‌تییه ده‌کات ...د.حه‌سه‌ن محمد على ).
-( یه‌ک شت زۆر به زه‌قى ده‌بینم ئه‌ویش نه‌بوونى بیروڕاى که‌م یا زۆر لایه‌نگیرى سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستى پارتییه تیایدا و پاشان نه‌بوونى ڕه‌خنه‌و سه‌رنج له‌سه‌ر بابه‌ته‌کان ...ئیراهیم جه‌لال ).
له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕه‌خنه‌و بۆچونانهشدا ،سه‌کۆ تا ڕاده‌یه‌کى باش ده‌رگاى ئاوه‌ڵا کردبوو بۆ ڕه‌خنه‌و ده‌ربڕینى بیروڕاى ئازاد ،هه‌تا بڵاو کردنه‌وه‌ى ڕهخنهلهسهر ( یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان ) یشدا
سه‌کۆ و چه‌ند لایه‌نێکى تر
- بۆیه‌که‌مجار له ژماره 15 دا چوار لاپه‌ڕه ته‌رخان کرابوو بۆ زمانى عه‌ره‌بى که دیمانهیک بوو له‌گه‌ڵ ئابووریناسى عێراقى د.کازم حبیب ..به‌شى دووه‌م و کۆتایى هه‌مان دیمانه له ژماره 16 و به سى لاپه‌ڕه‌و نیو بڵاوکراوه‌ته‌وه ..
- له ژماره‌کانى ( 42،41،40 )دا لاپه‌ڕه‌یک ته‌رخان کراوه بۆ نوسین به ڕێنوسى لاتینى به دیاڵکتى کرمانجى ژووروو ،که لاپه‌ڕه لاتینیهکهى ژماره 40 له لاپه‌ڕه چوار بڵاو کراوه‌ته‌وه و له لایه‌ن * زاگرۆس * وه ئاماده‌کراوه ..له هه‌ردوو ژماره 42،41 یشدا که‌وتۆته دوا لاپه‌ڕه ( زه‌ینه‌ڵ عابدین ) ئاماده‌ى کردووه.
- له ژماره 1 تا 3 ناوى ئاماده کار‌و سهرپهرشتکارانى به‌سه‌ره‌وه نه‌بووه ،له‌ژێره‌وه‌ى دوا لاپه‌ڕه‌ى ژماره 4 دا نوسراوه .،( سهرپهرشتکارانى سه‌کۆ .،پێشڕه‌وى سه‌ید برایمى به‌رزنجى و عبدولموئمین ده‌شتى )..
- له ژماره 1 تا 28 له ژێر ناوى سه‌کۆدا نوسراوه .،( ڕۆژنامه‌یه‌کى هه‌مه بابه‌ته‌ى مانگانه‌یه ) .به‌ڵام که دواتر له ژماره 29 وه قه‌باره‌که‌ى گۆڕاوه بۆته A3 و خاوه‌نى ئیمتیازى بۆته ( مه‌ڵبه‌ندى ئاوه‌دانى کوردستان ) و (سهرپهرشتکارى نوسین پێشڕه‌وى سه‌ید برایمى .،) پاش گۆڕ‌انى قه‌باره‌که‌شى ،له‌ژێر ئارمى سه‌کۆدا به‌خه‌تێکى درشت و ڕه‌ش نوسراوه.،(سه‌کۆ ى ئازادى بیر‌و باوه‌ڕتانه ) له‌ژێر ئه‌و دروشمه‌ش نووسراوه ( مانگانهیهکى گشتى سه‌ربه‌خۆیه ).
- له لاپه‌ڕه 10ى ژماره 28 دا له‌ژێر ناونیشانى ئاگادارى و ڕونکردنهوهیکى پێویست بۆ خوێنه‌رانى خۆشه‌ویست دا عبدولمئمین ده‌شتى وازى له سهرپهرشتکارى سه‌کۆ هێناوه و نوسیویهتى ( لێره‌دا ده‌مه‌وێت داواى لێبوردن له خوێنه‌ران و به‌شدار بوانى به‌ڕێز بکه‌م که سه‌باره‌ت به کهمکاتى و بارودۆخى تایبه‌تى خۆم ،من ده‌ست له سهرپهرشتىکردنى ڕۆژنامه‌ى سه‌کۆ ده‌کێشمه‌وه ..واته له سه‌رپه‌رشتى لێپرسراوێتى ژماره‌کانى داهاتوو به‌شدار نیم . ئیتر له‌م ژماره‌یه‌ى به‌دواوه ، زۆربه‌ى هه‌ره زۆرى ڕاپه‌ڕاندنى کاره‌کانى سه‌کۆ که‌وتۆته سه‌ر شانى پێشڕه‌و .
- له پاش گۆڕ‌انى قه‌باره‌ى سه‌کۆ ،گرنگى دراوه به بڵاوکردنه‌وه‌ى ڕیکلام و ئاگادارى و پرسه‌و سه‌ره‌خۆشى و پیرۆزبایى و تاد ڕیکلامى بۆ چێشتخانه کوردیه‌کانى ئه‌ڵمانیا ،به‌تایبه‌تى به‌رلین و نوسینگهکانىتهلهفۆن له کوردستاندا بڵاوکردۆته‌وه .
- نرخى سه‌کۆ له هه‌موو ژماره‌کانیدا ،له نێوان دوو تا دوو مارک و نیوو بووه.،له ژماره‌کانى 5 تا 28 له ژێره‌وه‌ى دوا لاپه‌ڕه‌ى هه‌موو ژماره‌کانیدا نوسراوه به‌شدارى سه‌کۆ ساڵانه 50 مارکى ئه‌ڵمانیه له ژماره 29 تا 50 له چوارگۆشهیکى دوا لاپه‌ڕه‌دا نوسراوه به‌شدارى ساڵانه بۆ ئه‌وروپا 50 مارکى ئه‌ڵمانیه ،بۆ ده‌ره‌وه‌ى ئه‌وروپا 75 مارک ،بۆ ده‌زگاو کۆمپانیاکان 100 مارک .
- به گوێره‌ى زانیاریه‌کانى نامه‌که‌ى کاک ده‌شتى ،له سه‌ره‌تاوه سه‌کۆ له بنکه‌کانى کۆپى کردن له به‌رلین کۆپى ده‌کران ..له ژماره 29 به‌دواوه ڕۆژنامهکهله چاپخانه‌یه‌کى به‌رلین له گه‌ره‌کى (کرۆیتزبێرگ ) چاپ ده‌کرا ..تا ژماره 28 نوسینه‌کانى بۆ تایپ کردن له نێوان ده‌شتى و پێشڕه‌ودا دابه‌ش ده‌کران ،واته هه‌ردوکیان به کۆمپیوته‌رى خۆیان بابه‌ته‌کانیان تایپ ده‌کردوو له قۆناغى دوایشدا پێکه‌وه مۆناجیان ده‌کرد .له 29 تا 50 ئه‌ندامانى مه‌ڵبه‌ندى ئاوه‌دانى کوردستان یارمه‌تى پێشڕه‌و یان ده‌دا له بوارى تایپکردنى بابه‌ته‌کانى سه‌کۆ وه ..
- جگه له‌سه‌کۆ به‌ناوى سه‌کۆوه چه‌ند کتێب‌و نامیلکه یه‌کیان به‌ناوى بنکه‌ى سه‌کۆوه بڵاو کردۆته‌وه له‌وانه ( کرۆنۆلۆژیاى ئه‌ربیلا ،حیلکه سوروره ،منداڵێکى ڕۆژنانه فرۆش ) ى موئمین ده‌شتى دیوانى شیعره‌کانى باوکى پێشڕه‌و به‌ناوى (دیوانى بر‌ژاو ) که هه‌ریه‌که‌و ئه‌رکى چاپکردنى کتێبه‌کانى خۆیانیان کێشاوه ..واته له‌سه‌ر خه‌رجى خۆیان بووه .
- وه‌ک له مه‌راسیمى ساڵرۆژى سه‌کۆ و ڕێزگرتن له د.جمال نه‌به‌ز له لاپه‌ڕه حه‌وتى ژماره 39 دا هاتووه،(...سه‌کۆ یه‌که‌م ژماره‌ى له مانگى تشرینى دووه‌مى 1996 دا له به‌رلین ده‌رچووه ،به‌مه‌ش ده‌بێته یه‌که‌م ڕۆژنامه‌ى کوردى به تیپى عه‌ره‌بى که له به‌رلین ده‌رچووه ...، بۆ مه‌سه‌له‌ى ناولێنانیشى که له‌نێوان ( هزرو ده‌نگى ئاواره‌و زایه‌ڵه و سه‌کۆ ) دا بووه .،سه‌کۆ گره‌وى خۆى بردۆته‌وه .....