سه‌کۆ
گه‌ڕانه‌وه‌

سه‌کۆ
مانگنامه‌یه‌کی کوردی، که‌ له‌ 1996 ده‌رده‌چوو 50 ژماره‌ی تا 2002 لێ ده‌رچوو. به‌ڵێن وابوو که‌ شێوه‌ی گۆڤار وه‌ربگرێ، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش گۆڤارێک‌ ئاماده‌کرا بۆ ئه‌وه‌ی له‌ به‌هاری 2003 ده‌ربچێ، به‌ڵام رزگارکردنی عێراق و گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رپه‌رشتیکار و ئاماده‌کاره‌که‌ی بۆ کوردستان بووه‌ کۆسپ له‌ ده‌رچونی. هه‌ربۆیه‌ پێم باشبوو که‌ ئه‌و بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌ندیان به‌ به‌رلینه‌وه‌ هه‌یه‌بووه‌ له‌م ماڵپه‌ڕه‌دا بخه‌ینه‌ به‌ر دیده‌ی خوێنه‌ران.
سوپاس و پێزانینی زۆرم بۆ به‌ڕێز پێشڕه‌وی سه‌ید برایمی و گشت ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی له‌ ده‌رچونی ئه‌و مانگنامه‌یه‌دا هاریکار بوون.
یه‌که‌م بابه‌ت چاوپێکه‌وتنێکی د. حه‌سه‌ن محه‌مه‌د عه‌لی‌یه‌ که‌ له‌ ساڵی 2002 له‌ شاری به‌رلین له‌گه‌ڵیدا کراوه‌

ساتە لەبیرکراوەکانی کوردایەتی

پێشڕه‌وی سه‌ید برایمی – به‌رلین
زۆرن ئەو ساتانەی، كە مرۆڤی كورد بە پەرۆش و بە بایەخەوە، بەڵام لە ئارامیدا، هەست و نەستی كوردانەی خۆی بەهەر شێوەیەك بێ دەردەبڕێ، بێ ئەوەی گوێ بداتە ئەو مەترسی و ئەو كۆسپانەی دێنە پێشی، یا سڵ بكاتەوە لە ئەنجامدانی كاری كوردایەتی.
كوردایەتی هەر ئەوشێوە خەباتە نییە لە بازنەو هزرێكی دیاریكراودا بە ئەنجامی بگەیەندرێ. یان لە چوارچیوەی رێكخستنێكدا كاری بۆ بكرێت، بەڵكو شێوە و شێوازی زۆرە، بە تایبەتی ئەو شێوانەی ، كە لە نامۆییدا سەر هەڵدەدەن. مرۆڤی كوردپەروەری كورد زۆرن دوور لە خۆهەڵكێشان و چاوەڕوانی پاداشت یان سەوداكردن بە خەباتیان، لەم لاو لەولای كوردستان و جیهاندا بە ئارامی و بێدەنگی هەستی كوردانەی خۆیان دەردەبڕن. گەر هەندێک یادگارو چەند وێنەیەك نەبێ، وەك ئەو وێنانەی ئەم نووسینە، لەوانەیە وەك سەدانی دیكە هەرگیزاو هەرگیز نەمان دەزانی و ئاگادار نەدەبووین.

لە سەردانێكی تایبەتدا بۆ لای بەرێز دكتۆر حەسەن محەمەد عەلی، بە سوپاسەوە چەند زانیاریەك و چەند وێنەیەكی پێشكەش كردین، ئێمەش بۆ ئەوەی هەوڵ و تەقەڵای بە پەرۆشی  ئەم كەسایەتیانە وون نەبن و نەفەوتێن، وا لە توێی ئەم راپۆرتەدا پێشكەش بە خوێنەرانی دەكەین.


خوێندكارانی كورد لە ئەستانبۆل جەژنی نەورۆز دەكەن لە ساڵی 1958لە راستەوە  بۆ چەپ:
جەمال عەلەمدار، عومران فەیلی( كرمانشان)، فوئاد دەروێش ،  حەسەن محمەد عەلی(كەركوك)،  ئازاد جمیل سائیب ــ سلێمانی ( دانیشتوو) دوورگەی ( بویوك ئادا)

نەورۆزی 1957دوورگەی بویوك ئادا

ئەوە یەكەمین نەورۆز بوو كردمان دوای ئەوەی چەند مانگێگ گەیشتبیوینە ئیستانبۆل. لەو ئاهەنگەدا زۆر نەبوین، وەك لە وێنەكەدا بەدیار دەكەوێ. ئەمانەی خوارە بوین: حەسەن محمەد عەلی ( كەركوك)، فوئاد دەروێش، عومران فەیلی( كرمانشان)، جەمال عەلەمدار، ئازاد جمیل سائیب " دانیشتوو"(سلێمانی). دوورگەی  بویوك ئادا خواردن و خواردەنەوەمان لەگەڵ خۆمان برد و لە شوێنێكی چۆل دا نەورۆزو سەیرانی خۆمان كرد، وەك لە وێنەكەدا دەبینرێ لە نێوان حەسەن محەمەد عەلی و فوئاد دەروێش دا ئامێرێكی مۆسیقای ئۆكۆردینۆ هەیە. ئەو ئامێرە لەو ئاهەنگەدا لەلایەن ئازاد جەمیل سائیبەوە لێدەدرا. لەو نەورۆزەدا جگە لە شیعرو گۆرانی گوتن، هەروەها هەڵپەركێی كوردیشمان كرد.

نەورۆز لە چایخانەیەكی گەورەدا 1958 

نەورۆزێكی گەورەمان بەدەستەوە بوو  لەگەڵ كوردی باكوری كوردستاندا لە دوورگە بویوك ئادا، بەڵام باران دایكرد، نەمان توانی لەو شوێنە نەورۆزەكە بكەین ناچار بووین بە شەمەندەفەر بچین بۆ شوێنی تر و لەوێ نەورۆزەكە بكەین.  بە ئومێدی ئەوەی لەو شوێنانەی بۆی دەچین باران نەبارێ. بەڵام هەر شوێنێك كە دادەبەزین هەر باران بوو زۆر شوێنمان كرد ناچار بوین لە كۆتاییدا كۆمەڵێك بچینە چایخانەیەكی گەورە و لەوێ كردمان بە نەورۆز. ، لەسەر خوانێك دا خواردن و خواردنەوەیەكی (بێ مەی) زۆر هەبوو . هەر لەوێ دەستمان كرد بە گۆرانی و چەندین شیعری حەماسمان خوێندەوە. بە بیرم نایتەوەوە كە كاردانەوەی خەڵكی چایخانەكە چۆن بوو، چونكە  بە كوردی قسەمان دەكرد، وەك ئاشكراش بوو، زمانی كوردی لەو سەردەمەدا یاساغ بوو. نەورۆزەكە دوو سێ سعاتی خایاند.

نه‌ورۆزی دوورگه‌ی یالۆڤا 1959


ئەو دوورگەیە پێش چەند سالێك بومەلەرزە لـێی دا. لەوێ لە ئوتێلێك بووین، بۆ یەكەمین جار توانیمان لە نەورۆزدا ئاگری نەورۆز بكەینەوە. چووین بۆ ناو دارستانێك دوور لە خەڵك، بۆیە بوار هەبوو بتوانین بە ئازادی ئاگر بكەینەوە.
لە چەپەوە بۆ راست:فاتح سەعید ( كەركوك)، خوا لێخۆشبوو سەعید ئاورەحمان، حەسەن محەمەد عەلی(كەركوك)، ئیبراهیم سابیر خدر(كۆیە)، حەمە سەعید ورگ زل . ئیستانبۆل 1958 



 

 سه‌ره‌وه

سالار Copyright © 2008 Salar