جەلال بێتوشی یەکەم کۆیی لە به‌رلین
گه‌ڕانه‌وه‌

جەلال بێتوشی
یەکەم کۆیی لە به‌رلین

ئامادەکردنی: پێشڕه‌وی سه‌ید برایمی
لە ڕەچەڵەک وچەند پشتێک دەچنەوە سەر خزمانی بێتوش لە کوردستانی رۆژهەڵات، بەڵام چەند عەیام و ساڵە نیشتەجآی کۆیەن. بە کردەوە لە سەرەتای پەنجاکان کۆیەی بەجێهێشتووە و ناو بەناو سەردانی کۆیەی کردووە، دوا جار لە 1976 کۆیەی نەدیوەتەوە، بەڵام لە 2004 لە ئێرانەوە بە رێگای قاچاغ هاتۆتەوە کوردستان. لە رانیەوە بە ئۆتۆمبیلێک بەرەو هەولێر چووە، بەڵام بە ناو کۆیەدا. ئێوارە درەنگانێک بە ناو کۆیە تێپەر بوون، بآ ئەوەی راوەستن. خۆی دەڵآ: لەسەری هەیبەت سولتانەوە، کە کۆیەم بینی گریام، کابرای شۆفێر هەستی پێکردم و پآی گوتم دیارە دەمێکە کۆیەت نەدیوە و زۆریشت خۆش دەوآ. تا لە دەروازەی کۆیەش ئاوا بوون بەرە هەولێر ئەو لە ناو گێژو ووڕی ئەو ساتە بووە، کە کۆیەی لە هەیبەسوڵتانەوە دیوە. بەڵام بۆ دانەبەزیوە؟ بۆ جارێکی دی هەر لەو گەشتەدا نەهاتۆتەوە کۆیە؟ وەک بۆ خۆی دەڵآ: دیمەنی گەشەنەکردووی شاری کۆیەو ئاسەواەری ژەڕی نێوان حزبەکان زۆر کاری لەسەر کۆیە کردووەم لە منیش کردووە، بۆیە حەزم نەکرد بەم شێوەو بە حاڵە کۆیە ببینم!!
دوای ئەوەندە ساڵە هێشتا بە کۆیانێکی سەردەمی پەنجاکان دەئاخڤآ و لە کۆیاتی و خۆیاتی خۆی نەکەوتووە. حەزی یەکجار لە گەشت و گەڕان و سوڕانە. لە 1959 لە ئەلمانیا دەژی. یەکەم کۆییە، کە هاتبێتە ئەلمانیای رۆژهەڵات، لەوانەیە ئەلمانیای رۆژئاواش، چونکە تا ئێستا هیچ کۆییەکی دی نەناسراوە لە پێش ئەوە هاتبێتە ئەلمانیا.
جەلالی مەلا نەجمی بێتووشی لە ساڵی 1930 لە گەڕەکی بە فریقەندی لە کۆیە لەدایک بووە. قوتابخانەی سەرەتای لە کۆیە تەواو کردووە. ناوەندی لە کۆیە و کەرکوک. بۆیەکەم جار لەسەر کوردایەتی لەگەلڕ چەند کوردێکی دی  لە کەرکوک لەگەلڕ تورکمانە تۆڕانیەکان بەشەر هاتووە، بە قسەی خۆی تورکمانەکان چاکیان لێداون.
لە ساڵی 1945 مامۆستا کەریم ئەحمەد، ئەو کاتەی مامۆستای ناوەندی بووە لە کۆیە  لەسەر دەستی ئەو بۆتە بە شیوعی. لە 1946 بۆتە ئەندامی پارتی ئازادی نیشتمانی عێراق، کە سەر بە شیوعیەکان بوو.


لایەنگرانی پارتی ئازادی نیشتمانی عێراق لە کۆیە  1964 له‌ ناویان دا جه‌لال به‌یتوشی

حەوت جاران لە سەردەمی پاشایەتی لەسەر شیوعیەت گیراوە، بەڵام وەک خۆی دەڵآ پاکانەی نەکردووە. لە ساڵی 1957 ئەو کاتەی لە باقووبە بووە، گیراوە، باوکی لە کۆیەوە هاتۆتە لای بۆ ئەوەی پآ بڵى: جەلال نەکەی روو رەشمان بکەی. واتە ئیعتراف نەکەی.
لە کۆتایی 1957 هاتۆتە بەغدا لەوآ دوکانێکی وینەگری لە شەقامی ئەمین کردۆتەوە، هێشتا ئەو دوکانە هەر ماوە. هەر لەو ساڵە هەژار موکریانیان ناردووە بۆ لای، بۆ ئەوەی لای ئەو کار بکا. هەژار لە بیرەوەریەکانی ( چێشتی مجێور) لە چەند جێگایەک بە چاکە باسی چاکەو پیاوەتی جەلال بێتوشی دەکا.
لە 1959 لە لایەن حزبەوە دەنێردرێتە ئەلمانیای رۆژهەڵات بۆ خوێندن. یەکەمین کۆیی بووە، وەک تا ئێستا زاندراوە، کە لاقی لەسەر ئەو وڵاتە دانابآ. ئەو کاتەی ئەو گەیشتۆتە ئەوآ، بە گشتی دە کەسی عێراقی  لـآ بووە بە کوردو عەرەبەوە، بە کوردەکانی پارچەکانی دیکەشەوە.
دوای زمانخوێندن لە بەشی وێنەگرتن لە پەیمانگای باڵای هونەری وەردەگیرآ. لە 1962 خوێندن تەواو دەکا و یەکسەر هەر لە تەلەفزیۆنی ئەلمانی بەشی راپۆرتی سیاسی دادەمەزرآ. لە کاتى کارکردنی دا دەڵى بیرۆکەی ئەوە هات بە خەیاڵمدا، کە فلیمێکی کورت دەربارەی باری عێراق دەربکەم، بە ناوی (ئەرک) فلیمەکە باس لە ژیانی پێشمەرگایەتی شۆڕشی ئەیلول دەکا، کە چۆن کوردو عەرەب بەتایبەتی شیوعیە عەرەبەکان بەشداری شۆڕش دەکەن و چۆن پێشمەرگە کوردەکان یارمەتی یەکآ لەو عەرەبانە دەدەن، تا خزم وکەسو کاری لە بەغداوە بۆ بهێنن. فلیمەکە لە چیاکانی خوارووی ئەلمانیا و نزیک سنوری چیک گیروان، رۆڵی پاڵەوانیش کەمال جەمیل سەیدۆ کە کوردێکی سوریا بوو بینیویەتی. ئەمەش لە 1968 بوو.
فلیمی دووەمی بە بۆنەی میهرەجانی منداڵانی جیهان بووە لە ساڵی 1969 لە لایپزیک. هەرچەند ئەو وەک فەرمانبەرێک لە تەلەفزیۆنی ئەلمانیای بەشداری میهرەجانەکەی کردبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو فلیمانەی عێراق بەشداری تێدا کردبوو بە کەلک نەدەهات، فلیمەکەی جەلال بێتووشی، کە ناوی "دۆستایەتی" بوو، دەخرێتە لیستی فلیمە عێراقیەکان و خەڵات وەردەگرآ. خەڵاتەکەش لە لایەن یوسف عانىیەوە وەرگیراوە.
کاک جەلال لەو دەمەوە تا روخانی رژێمی شیوعیەت هەر لەو دوو فلیمە دەگەڕآ و هەوڵێکی زۆری داوە، کەچی تا ئێستا سەرکەوتوو نەبووەو بەدەستی نەکەوتۆتەوە، ئەمەش کەسەرێک و خەم و پەژاریەکی بۆ دروست کردووە.
لە 1970 گەڕایەوە عێراق. لە یەکەی سینەمایی لە دەزگای گشتی ئیستگەو تەلەفزیۆن دامەزرا، هاوکاتیش لە زانکۆی بەغدا، کوڵیژی ئاداب بەشی رۆژنامەگەری بوو بە مامۆستا.لە 1976 دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلول تەنگیان بە کوردەکان هەڵدەچنی، کە لە دام دەزگاکانی راگەیاندنی عێراق کار دەکەن و بەعسی نین، ئیتیر جارێکی دی گەڕایەوە ئەلمانیا، بەڵام ئە جارە بۆ ئەلمانیای رۆژئاوا.
لە 1966 لەگەلڕ کریستا زەماوەندیان کردووە، کچێکی هەیە بەناوی جوانە.
کەی دێتەوە کەی دێتەوە، جارێکی دی کەی دێتەوە
کاک جەلال هێشتا ماویەتی، گەر زوو بێیتەوە


کۆیەکانی بەرلین رۆژی کۆیە لە بەرلین دەکەن 1/9/1990 لە راستەوە: جەلال بێتووشی، پێشڕەوی سەید برایمی، چالاک ئەحمەد لە پشتەوە،

ئازاد زاهیر، پێشین و پێڕەوی پێشڕەو، ئیلهام شێخانی، مارف کۆیی، د. خەلیل تایەراغا، بەندی مەلا برایم، خوا لێخۆشبوو فریاد محی الدین

 سه‌ره‌وه

سالار Copyright © 2008 Salar