سەردانی نوێنەرانی پارتەسیاسیەکانی هاوپەیمانی کوردستانی بۆ باڵیۆزخانەی عێراق لە بەرلین
پاش کڕینی تەلارێکی تایبەت بۆ باڵیۆزخانەی عێراق لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، باڵیۆزێکی نوێش دیاریکرا، بەڕێز حسێن مەحمود ئەلخەتیب باڵیۆزی نوێی عێراق لە ئەڵمانیا لە ٣١/٥/٢٠١٠ گەشتە بەرلین و دەستبەکارە .

لەسەر پێشنیاری ئەندامانی پارتەسیاسییەکانی هاوپەیمانی کوردستانی بۆ بەخێرهێنانی باڵیۆزی نوێ و پاش دیاریکردنی کاتی دیاریکراو بۆ نوێنەرەکانیان ڕۆژی ٢/٧/٢٠١٠ هەریەك لە نوێنەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان، حیزبی سوسیال دیموکراتی کوردستان و حیزبی شوعی کوردستان چونە سەردانی بەڕێز باڵیۆزی نوێێ و پاش بەخێرهێنانی بە چەپکێك گوڵی هەمەڕەنگەوە و پێشکەشکردنی وتەی بەرەی کوردستانی لە لایەن کاك مارف کۆیی ـەوە، گفتوگۆیەکی دۆستانە لە نێوانیاندا کرا و هیوا خواسترا کە پەیوەندییەکانیان لە سەردەمانی پێشو باشتر بێت و هاریکاری یەکتر بن و ڕەچاوی ڕێژەی زۆری کورد لە ئەڵمانیا بکرێت و بۆ جێبەجێردنی ئیش و کارەکانیان، کار ئاسانی لە بەڕێوەبردن و ڕاپەڕاندنی کارەکاندا بکرێت. هەوڵیش بدرێت سودی زیاتر لە تەکنیکی سەردەم وەربگیردرێت بۆ ڕاپەڕاندنی ئیش و کارەکان و کاری زیاتر و باشتر بکرێت لە ماڵپەڕی تایبەت بە باڵیۆزخانە و بە تایبەتیش بەشی کوردی کە کەموکوری زۆرە، بۆ ئەم مەبەستەش ئەندامانی شاندەکە ئامادەیی هاریکارییان دەربڕی.

بەڕێز حسێن ئەلخەتیب بە ڕێزەوە پێشنیاری سەردانی نوێنەرانی پارتەکانی هاوپەیمانی کوردستانی بۆ بەخێرهێنانی بەرزنرخاند و پەیمانی هاریکاری تەوای ڕەوەندی عێراقی و بە تایبەتیش کوردی دا و بۆ بەکردار سەلماندنیش بڕیاری کردنەوەی ژورێکی تایبەتی دا لە ناو باڵیۆزخانەکەدا بۆ نیشاندانی شتومەكی فۆلکلۆری کوردی. وە لە سەردانی ژورەکەشیدا وێنەی سەرۆك مام جەلال وەك سەرۆکی عێراقی فیدراڵ دانرابو، کە ئەمە لە سەردەمی باڵیۆزی کۆندا نەبو!! هەر لەو دانیشتنەدا بەڕێز قونسولی باڵیۆزخانەش ئوسامە ئەلناشی ئامادەبو و باسی لە هەندێك لەو کێشانە کرد کە ڕۆژانە بەرەو ڕویان دەبنەوە و لە هەوڵی باش و گونجاودان بۆ چارەسەری ئەو جۆرە کێشانە و داوای هاریکاری لە لایەنە سیاسیەکانیش کرد. بۆ ئەم مەبەستەش شاندەکە وتیان ئێمە نوێنەری حکومەتی هەرێممان هەیە لێرە و دەتوانرێت لە ڕێگایانەوە زاڵ بن بەسەر زۆربەری کۆسپەکاندا و ئێمە هاوکارتان دەبین.

لە دەمی گەیشتنی شاندەکەدا نوێنەرانی مەکتەبی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێزان دلشاد بەرزانی و شاخ زەنگنە لەوێ بون.
لە کۆتایدا سەردانەکەدا، بەشە جیا جیاکانی ناو باڵیۆزخانەکە کرا بە قونسولخانەکەشەوە بەسەرکرایەوە و چەند وێنەیەکیشیان بۆ یادگاری پێکەوە گرت و بە ڕێزەوە شاندەکە بە ڕێخرا.
Foto: Amir Musawy
Salar sharif
ban Copyright © 2010 Salar service