رێژه‌ی بێگانه و چڕی نیشته‌جێبونیان له ناوچه و گه‌ڕه‌که‌کانی به‌رلیندا
مێژوی کورد له به‌رلین
ئه‌گه‌ر قسه له‌سه‌ر ده‌رکه‌وتنی کوردبێت له به‌رلین ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ده‌ی هه‌ژده به ته‌واوی له 1835 کاتێک هێزه‌کانی پرۆیسه‌کان و ڕووسه‌کان له مانۆڕێکی سه‌ربازیدا به ئاماده‌بوونی شا فریدریش ڤیلهێلمی سێهه‌م و تسار نیکۆلاوسی یه‌که‌م، که کوردێکی یه‌زیدی له سوپای ڕووسی به سوارچاکی خۆی سه‌رنجی خه‌ڵکی و ڕۆژنامه‌نووسانی ئه‌و سه‌رده‌مه ڕاده‌کێشێت، هه‌رئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی بانگهێشتکردنی بۆ به‌رلین.
له ساڵی 1883 دا سوڵتان عه‌بدولحه‌میدی دووهه‌م، سه‌عید پاشا که له خێزانێکی ناوداری شاری سلێمانی بوو وه‌ک باڵیۆز ده‌نێرێت بۆ قه‌یسه‌ری به‌رلین. له ئه‌پریلی 1883 تا ئۆکتۆبه‌ری 1885 وه‌ک باڵیۆزی عوسمانی له به‌رلین ده‌ست به‌کاربووه. هه‌روه‌ها فوئاد پاشای کوڕیشی له به‌رلین خوێندویه‌تی.
له ئه‌پریلی 1945 له ڕیزه‌کانی سوپای سووری ڕووسیادا کاتێک هاتنه ناو شاری به‌رلین چه‌ندین کوردی قه‌فقازیایان له‌گه‌ڵ بوو.
له پاش ئه‌م مێژووه ئیتر تاکه تاکه کورد ڕووی له به‌رلین کردووه به مه‌به‌ستی خوێندن.
له 30 ی ئۆکتۆبه‌ری 1961 ڕێککه‌وتنێکی دووقۆڵی له نێوان حکومه‌ته‌کانی ئه‌ڵمانیا و تورکیا مۆرکرا بۆ ناردنی کرێکار، به تایبه‌ت پاش دروستکرندی دیواری به‌رلین له ئاوگوستی 1961 که ئیتر ده‌رفه‌تی هێنانی کرێکار له ووڵاتانی دراوسێوه نه‌ما.
یه‌که‌م کۆمه‌ڵه کورد له پاش ساڵی 1964 وه گه‌یشتنه به‌رلین. پاش دوو ساڵ بومه‌له‌رزه‌یه‌کی به‌تین کوردستانی باکوری هه‌ژاند و له شاره‌کانی موس و ئه‌رزڕوم هه‌زاران قوربانی لێکه‌وته‌وه و ئه‌و ناوچانه خاپور بوون.
ڕژێمی تورکیا به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو ڕزگاربووانی ڕه‌وانه‌ی ئه‌ڵمانیا ده‌کرد!؟
له ئه‌ڵمانیا ئه‌مانه تێکه‌ڵ به خه‌ڵی نه‌ده‌کران و له هایمی کرێکاراندا داده‌نران، له هه‌مان کاتدا ئه‌مانیش به‌هیوای کارکردن و پاره‌کۆکردنه‌وه‌ی زۆره‌وه به مه‌به‌ستی گه‌ڕانه‌وه وه بۆ ووڵات و بیناکردنه‌وه‌ی جێگه‌داڕماوه‌کانیان شه‌و و ڕۆژیان ده‌دایه ده‌م یه‌ک تا به‌زوترین کات به ئاواتیان بگه‌ن و هیچ مه‌به‌ستیان نه‌بوو تێکه‌ڵی کلتورێکی بیانی ببن.
له پاش 12 ی مارتس ی 1971 ئینقلابێکی سه‌ربازی سه‌رنه‌که‌وتوو، ئیتر یه‌که‌م کۆچی به‌کۆمه‌ڵی سیاسی بۆ به‌رلین ده‌ستیپێکرد.
جارێکی تریش له 1980 دا ئینقلابێکی سه‌رنه‌که‌وتوو بووه هۆی هاتنی 60000 که‌ش له‌تورکیاوه بۆ ئه‌ڵمانیا، که سێ‌یه‌کی ئه‌مان کوردبوون.
له چه‌ندین قۆناغی جیا جیای تردا کورد ئاواره بونه‌ته‌وه و هه‌ندێکیان ڕوویان له به‌رلین کردووه وه‌ک: پاش هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ڕێککه‌وتنی 11 ی ئازار، چه‌نگی ئێران عێراق، ئه‌نفاله‌کان ، ڕه‌وی به‌کۆمه‌ڵ، سه‌رهه‌ڵدانی جمهوری ئیسلامی و سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕی براکوژی و ...
هه‌ریه‌ک له‌مانه‌ش بابه‌تێکه، چاوه‌ڕێم دۆستانی شاره‌زا له باره‌یانه‌وه بنوسێت تا ئێمه‌ش ئگاداری وورده‌کارییه‌کان بین.