نووسه‌رو ڕۆشنبیر ( عبدالموئمین ده‌شتی )
ئه‌و مرۆڤه‌ی چاره‌که سه‌ده‌یه‌که له به‌رلین کاری ڕێکخراوه‌یی ده‌کات
له‌وه ده‌چێ حکومه‌تی کوردستان به‌یه‌کجاری ده‌ستی له‌کورده‌کانی ده‌ره‌وه شوشتبێ
برهان ئه‌مین / ئه‌ڵمانیا
به‌رلین پایته‌ختی قه‌شه‌نگی ئه‌ڵمانیای فیدراله،گه‌وره‌ترین شاری ئه‌لمانیه له چڕی دانیشتواندا که نزیکه‌ی 3،400 ملیۆن که‌سی تێدا ده‌ژی ،له نێوانیاندا چه‌ند هه‌زار کوردێکی هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان هه‌ن ،ئه‌وانه‌ی باشوری کوردستان به 3000 که‌س مه‌زه‌نده ده‌کرێن ،پێگه‌ی کورده‌کان له‌م شاره‌دا بۆ ساڵانی دوای ڕووداوه سیاسیه‌کانی نوشستی شۆڕشی ئه‌یلول ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌وکاته‌ی ژماره‌یه‌کی زۆر کورد هه‌ره‌ته‌ی هه‌نده‌ران بوون وله‌وێ گیرسانه‌وه، ئه‌م شاره بۆ کورد دیرۆکێکی مێژوویی مه‌زنی هه‌یه ،چونکه به‌شێکی کۆبونه‌وه‌کانی ده‌ستپێکی دامه‌زراندنی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان به ئاماده‌بوونی هه‌ڤاڵ مام جه‌لال له گه‌ڕه‌کێكێ كه‌نار ئه‌م شاره به‌ستراون وله ڕۆژی 27 ی ئایاری 1975له‌وێ به‌یاننامه‌ی دامه‌زراندنی یه‌کێتی تاوتوێ کراوه‌و بڕیاری بڵاوکردنه‌وه‌ی دراوه، جگه له‌وه‌ش کۆمه‌ڵێ ڕێکخراوی لێ دروست بوون که ده‌ستباری به‌هێزی ڕۆژانی سه‌خت ودژواری کوردایه‌تی بوون، ئه‌م شاره تائێستاش بۆ کورده‌کان به بنکه‌یه‌کی ڕۆشبیری گه‌وره حسێب ده‌کرێ.
له ساڵانی په‌نجاکان کۆمه‌ڵه‌ی خوێنکارانی کورد له ئه‌وروپا( KSSE )Kurdistan Students Abroad له لایه‌ن خوێندکاره کورده‌کانی نیشته‌جێی ئه‌ڵمانیا دروستکرابوو، ڕۆڵی سیاسی به‌رچاویان هه‌بووه له بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌لی کوردستانداو به‌قه‌د باڵیۆزخانه‌یه‌ک کاری سیاسی ودیپلۆماسیان بۆ شۆڕش کردوه ،له‌دوای نسکۆی شۆڕشی ئه‌یلول، به‌شێکی سه‌ره‌کی کۆمه‌ڵه‌ی خوێندکارانی کورد له KSSE جیابونه‌وه‌و له‌دوای سه‌هه‌ڵدانه‌وه‌ی شۆڕشی نوێ له ساڵی 1976 له ژێر ڕێنمایی و ڕاسپارده‌ی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستاندا له شاری( فرانکفۆرت ) کۆنگره‌ی تایبه‌ت به‌خۆیان ده‌به‌ستن و سه‌به‌خۆیی خۆیان ڕاده‌گه‌یه‌نن، ناوی کۆمه‌ڵه‌که‌یان ده‌گۆڕن بۆ کۆمه‌ڵه‌ی خوێنکارانی کوردستان له‌ده‌ره‌وه‌ی ووڵات (AKSA) Assocation of Kurdistan Students Abroad، ژماره‌یه‌کی زۆری کوردی هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان به‌شدار ده‌بن، له پاڵ ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه‌شدا هه‌ریه‌ک له پارتی دیموکراتی کوردستان و حیزبی شیوعی عێراق وپارتی سۆسیالیستی کوردستان و پارتی گه‌ل و ئه‌وسا کۆمه‌ڵه‌ی خوێندکارانی سۆسیالیستی کوردیش (SOKSE) هه‌بوو که سه‌ر به پاسۆک بوو هه‌موویان درێژه به‌خه‌باتی خوێندکارانی خۆیان ده‌ده‌ن، له نێوان هه‌موو ئه‌و کۆمه‌ڵانه‌دا ( AKSA ئه‌کسا) ڕۆلی دیار‌و به‌رچاوی هه‌بوه‌و له کار و خه‌بات و چالاکیدا رۆلێکی دیار و پێشه‌نگی هه‌بووه، سه‌رنجی ڕاگه‌یاندنه‌کانی ئه‌وسای ئه‌ڵمانیای بۆخۆی ڕاکێشاوه، ته‌نانه‌ت له ڕاپۆرتی پاراستنی ده‌ستوری ئه‌ڵمانیا له هه‌شتاکان وه‌ک ڕێکخراوێکی ڕادیکاڵ و وه‌ک مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئاسایشی ئه‌ڵمانیا ناوی هاتووه، هه‌موو ئه‌و ڕێکخراوانه له ژێر په‌رده‌ی خوێنکارانه‌وه چالاکی سیاسیان کردوه‌و جێ په‌نجه‌ی خۆیان له خه‌باتی ڕزگاریخوازی گه‌له‌که‌مان نه‌خشاندوه، له ساڵانی کۆتایی شه‌ڕی ( عێراق – ئێران ) و له دوای ئاشتبونه‌وه‌ی گشتی ودروست بوونی به‌ره‌ی کوردستانی له نێوان نوێنه‌رانی یه‌کێتی وپارتی وشیوعی له دیمه‌شقی پاته‌ختی سوریا ڕێککه‌وتنێک ئیمزاده‌کرێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو کۆمه‌ڵه خوێندکاریه کوردییه‌کان ببن به‌یه‌ک، له ژێر ڕۆشنایی ئه‌م ڕێککه‌وتنه‌دا له 19.8.1988 له کۆنگره‌یه‌کی گه‌وره به ئاماده‌بوونی نزیکه 850 ئه‌ندام له‌هه‌موو ووڵاتانی دونیا ئه‌وانه‌ی باشوور هه‌موویان بوون به‌یه‌ک و ناوی کۆمه‌ڵه‌که‌ش بوو به تێکه‌ڵێکی هه‌ر دوو ناوه‌که‌ی پێشوو کرا به(کۆمه‌ڵه‌ی خوێنکارانی کوردستان له‌ئه‌وروپا KSSE)و کۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی کۆمه‌ڵه له نوێنه‌رانی یه‌کێتی وپارتی و شیوعی و پارتی سۆسیالیستی کوردستان پێکهێنراو پایه‌ی سکرتێری گشتی به ده‌وری له نێوانی یه‌کێتی و پارتی و شیوعی ڕێککه‌وتنی له‌سه‌رکرا، له‌لایه‌ن یه‌کێتییه‌وه ( عبدالموئمین ده‌شتی ) بۆ سکرتێری کۆمه‌ڵه ده‌ستنشان ده‌کرێ، ناوبراو له ساڵی 1982 ه‌وه هاتۆته ئه‌ڵمانیاو له‌وساوه له به‌رلین ده‌ژی ، له کۆشی خانه‌واده‌یه‌کی ڕۆشنبیرو کوردپه‌روه‌و په‌وروه‌ده‌بووه، له نێو کورده‌کانی ئه‌ڵمانیادا به که‌سێکی چالاک و بیرتیژ ده‌ژمێردرێت، ماوه‌یه‌کی زۆر له نێو ڕێکخراوه خوێندکاری و حیزبی و مه‌ده‌نیه‌کاندا کاری کردوه‌و تا ئێستاش هه‌ر سه‌رقاڵی نوسین وچالاکی ڕۆشنبیری وکاری سیاسیه، ئه‌و له‌م ڕیپۆرتاژه‌دا سه‌ربرده‌ی چالاکیه ڕیکخراوه‌ییه‌کانی ئه‌وێ ڕۆژێمان بۆ ده‌گێڕیته‌وه‌وده‌ڵێ .... سه‌رده‌مانی توندوتیژی ڕژێم کۆمه‌ڵه خوێندکاریه‌کان ڕۆلی شۆڕشگێڕانه‌یان هه‌بوو له ده‌ره‌وه‌و خه‌مخۆری کێشه‌و گرفته‌کانی ناوه‌وه بوون به ڕێپێوان، مانگرتن، هه‌ڵکوتانه سه‌ر باڵیۆزخانه‌کانی ڕژێم، دیدار‌و گفتوگۆی سیاسی، هه‌موو شیوازه‌کانی خه‌باتی سیاسی، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌بوو له هه‌شتاکاندا ڕژێمی سه‌دام هه‌وڵیدا بوو کۆنفرانسێکی ئه‌کسا له به‌رلین بته‌قێنێته‌وه، به‌ڵام تیرۆریسته‌کان گیرا بوون و رژێم ته‌نها ڕووڕه‌شی بۆ مایه‌وه، نوێنه‌رانمان له زۆر شوێن به شیوه‌یه‌کی فه‌رمی به‌ناوی کورده‌وه ده‌دوێندران، جارێکیان له دوای ڕوودانی کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه له کۆشکی کۆماری چیکۆسلۆفاکیای پێشوو میوانداری کراین و له که‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی (پڕاگ) پتر له سه‌عاتێک به ئاره‌زووی خۆمان باسی باری سیاسی خۆمان و فاشیزمی سه‌داممان بۆکردن، وێنه‌کانی هه‌له‌بجه‌مان پێشاندا، بۆ به‌یانی باڵیۆزخانه‌ی ڕژێم ناڕه‌زایی خۆی ده‌ربڕی و ئێمه‌ش به خۆپیشاندانێکی خوێنکارانی خومان و ودۆسته‌کانمان به‌توندی وه‌ڵامی ناڕه‌زاییه‌کانی عێراقمان دایه‌وه، له ده‌یان دێمانه‌ی رۆژنامه‌و گۆڤار به سه‌عات قسه‌مان کردوه‌و نووسراو ڕاپۆرت هه‌واڵمان له‌سه‌ر بڵاوکرا‌وه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت جه‌نابی به‌رێز مام جه‌لال جارێک به خۆی بۆ منی گێڕایه‌وه، حه‌ز ده‌که‌م ئه‌وه لێره باس بکه‌م، ئه‌وسا خوێندکار بووم، هه‌ڤالان ته‌له‌فۆنیان بۆ کردم، که چووم بۆ شوێنی واده، به‌رێز مام جه‌لام و کاک که‌مال فوئاد و کاک سه‌لاح ره‌شید پێکه‌وه له چێشتخانه‌یه‌کی به‌رلین دانیشتبوون، پێێان گوتم، ده‌بێت تۆ به‌یانی به‌ریز مام جه‌لال ببه‌یت بۆ فرۆکه‌خانه، ئه‌وسا من خویندکار بووم، تازه مۆله‌تی لێخورینم وه‌رگرتبوو، ئه‌وه بوو به‌یانی دوو قۆڵی به ئۆتۆمبێلێکی تسیترۆنی خراپ، به ته‌نها ده‌مبرد بۆ فرۆکه‌خانه‌ی به‌رلین. وه‌ک گوتم تازه مۆڵه‌تی هاژوانم وه‌رگرتبوو، به ترس تڕومبێلم ده‌هاژوا، به به‌رێز مام جه‌لالم گوت، ده‌ترسم، له لیخوڕینه‌که‌ی من شتێکتان به‌سه‌ر بێت، به‌رێز مام گوتی، ده‌ی ده‌ی، ئه‌گه‌ر شتێک به‌سه‌ر تۆ هات، با به‌سه‌ر منیش بێت. ئه‌وجا له‌م رێگایه به منی گوت، که له‌و سه‌فه‌ریان بۆ (پراگ)، که له‌لایه‌ن به‌رێز هاڤل سه‌رۆکی چیکی ئه‌وسا پێشوازی کران، له دیده‌نیێک پرسیارم لێکراوه، له کاتی وه‌ڵامدانه‌وه، پێیان گوتم، ئه‌و شته‌ی باسی ده‌که‌ن، "جه‌نابی ئه‌حمه‌د"یش پێشتر بۆی باسکردووین، مام فه‌رمووی، له سه‌عدیم پرسی ئه‌و ئه‌حمه‌ده کێیه وا باسی ده‌که‌ن، گوتی: سه‌عدی پێی گوتم ئه‌و ئه‌حمه‌ده عه‌بدولموئمین ده‌شتییه. من که ئه‌و شته‌م له به‌رێز مام جه‌لال بیست، زۆر خۆشحال بووم، پڕ بووم له شانازی، ده‌تگوت ئه‌وه گه‌وره‌ترین شه‌هاده‌ی دنیایان پێ داوم. ئه‌وه‌م بۆ خۆشی گێڕاوه، به‌ڵام به‌ڵگه‌یه‌کیشه بۆ چالاکییه‌کانمان، به‌کورتی چالاکییه‌کانمان هێنده زۆربوو، باسی ناکرێ. جێگه‌ی ئه‌وه‌یه به شانازییه‌وه ئاوڕ له مێژووی ئه‌کساو کۆمه‌ڵه‌کانی تر بده‌ینه‌وه. نابێت ئه‌و رۆژانه، که به‌شێکن له مێژوو، فه‌رامۆش بکرێن، هه‌ڵبه‌ت گۆڕانی باری سیاسی له کوردستان دونیا‌و که‌مبونه‌وه‌ی ڕۆڵی خوێنکاران بونه هۆی سه‌ره‌کی تێکچوونی ئه‌و کۆمه‌ڵه خوێندکاریانه .
له‌دوای نه‌مانی ئه‌م کۆمه‌ڵانه کورده‌کان له چوارچێوه‌و شیوازی تر و شێلگێرانه هاوشانی ئه‌وانه‌ی ناوه‌وه درێژه به خه‌باتی خۆیان ده‌ده‌ن وڕێکخستنه‌کانی ی.ن.ک ڕۆڵی پێشڕه‌وانه ده‌بینن له کۆکردنه‌وه‌ی کورده‌کان وسازکردنی کۆبونه‌وه‌و کۆڕ‌و سیمینار‌و چالاکی که‌لتوری کوردی ، هه‌ر له سه‌ره‌تای دروست بوونی یه‌کێتیه‌وه که‌رتی ڕێکخستنی به‌رلین دروست بوه‌و به‌رده‌وام بوه له خه‌باتی سیاسی، بۆیه له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کان به‌سه‌رپه‌رشتی به‌رپرسانی که‌رتی به‌رلین، ( عوبێد ڕه‌قیق وعبدالموئمن ده‌شتی وکرمانج هاریکی ) هه‌موو چوارشه‌مموان کۆبوونه‌وه‌ی سیاسی فیکری کراوه و ئه‌م کۆبونه‌وانه بونه‌ته ده‌ستپێکی دروستبونی ڕێکخراوێکی تری ڕۆشنبیری ، که‌لتوری به‌ناوی ( مه‌ڵبه‌ندی ئاوه‌دانی کوردستان) .
ئه‌م مه‌ڵبه‌نده نزیکه‌ی 40 ئه‌ندامی ژن وپیاوی هه‌یه‌و دوو به‌قه‌د ئه‌و ژماره‌یه‌ش خۆیان به خاوه‌نی ئاوه‌دانی ده‌زانن و له ئه‌ندامه‌کان زیاتر مشوری کاره‌کانیان خواردوه، ده‌رباره‌ی کار‌و چالاکی وخه‌رمانه‌ی به‌رهه‌می ڕابردووی مه‌ڵبه‌ندی ئاوه‌دانی کوردستان ده‌شتی ده‌ڵێ ... له ساڵی 1998 باره‌گایێکمان بۆ رێکخراوه‌که دامه‌زراند، هه‌ژارانه باربوومان کرد، که‌سانێکی زۆر ڕۆڵی به‌رچاویان تیا دی، له‌و ساوه دیداره‌کانی چووارشه‌مموان شێوازێکی ئاکادیمی به‌خۆوه گرت و به به‌رنامه‌ی رێکوپێک، کران به سمیناری رۆشنبیری جۆراو جۆر، ئه‌و کۆڕانه که هه‌رجاره‌ی یه‌کێک و بابه‌تێک پێشکه‌ش ده‌کرا، سه‌رنجی کورده‌کانی به‌رلینی ڕاکێشا بوو ، ئیتر ڕۆژانی چووارشه‌مموان باره‌گای مه‌ڵبه‌ندی ئاوه‌دانی جممه‌ی ده‌هات، کوردی پارچه‌کانی تریش سه‌ردانی ئه‌و ناوه‌نده‌یان ده‌کرد، ئه‌وه‌ی گرنگ بوو، سه‌کۆی مه‌ڵبه‌ندی ئاوه‌دانی ببوه سه‌کۆیێکی ئازاد، هه‌موو که‌س بۆی هه‌بوو، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی له رووی سییاسیشه‌وه، دژمان بوون، ده‌یانتوانی بێن په‌یام و بابه‌ته‌کانییان له باره‌گاکه‌مان پێشکه‌شمان بکه‌ن، به‌خێرهاتن ده‌کران و ڕێز له بیروبۆچوونه‌کانیان ده‌گیرا، ئه‌وسا ماڵپه‌ڕێکیشمان هه‌بوو، هه‌روه‌ها بڵاوکراوه‌یه‌کیشمان هه‌بوو به ناوی (ئاوه‌دانی) ناوه ناوه هه‌موو چالاکییه‌کانی ئاوه‌دانی تێدا بڵاوده‌کرایه‌وه،چالاکی دووه‌می ئاوه‌دانی که زۆرگرنگ بوو، خوێندنه‌ی کوردی بوو بۆ منداڵان. نزیکه 45 منداڵی کورد له‌سه‌ره‌وه‌ی ته‌مه‌نی شه‌ش ساڵان به‌شداری خوێندنی کوردی‌یان ده‌کرد له قوتابخانه‌که‌مان، له‌لایه‌ن سێ مامۆستا خۆبه‌خشانه وانه‌ی کوردیان پێ ده‌وترا. ئه‌م خوێندنگایه چه‌ند ساڵێکی خایاند‌و منداڵێکی زۆریان فێری ڕێنوس وئاخافتنی کوردی کرد. چالاکی تری هه‌مه‌جۆرمان وه‌ک کردنه‌وه‌ی پێشانگای هونه‌ری و، رێکخستنی گه‌شت و سه‌یران و ئاهه‌نگ و شه‌وی کوردی و پێشکه‌شکردنی ئامۆژگاری و یارمه‌تی دانی کورده‌کانی به‌رلین، جگه له‌مه‌ش باره‌گای مه‌ڵبه‌ند ببوو به شوێنی دیداری سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی، یادکردنه‌وه‌ی بیره‌وه‌رییه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌کانمان، جه‌ژنی له‌دایکبوونی منداڵانی لێ سازده‌کرا، پرسه‌نامه‌وبۆنه‌ی تر.
چالاکی به‌رچاو و گرنگی تری ئاوه‌دانی بریتی بوو له به‌ستانی کۆنگره‌ی زانستی، له‌وانه ئاوه‌دانی سێ کۆنگره‌ی گرنگی ساز کرد، کۆنگره‌یه‌ک بۆ پاشه‌رۆژی سیاسی عێراق، یه‌کێک بۆ په‌نابه‌رانی کورد، یه‌کێکیش بۆ کاره‌ساتی هه‌له‌بجه. که چه‌ندین سیاسه‌تمه‌دار و زانای کورد و بیانی تێیاندا به‌شداربوون لێکۆلینه‌وه‌ی زانستی‌یان پێشکه‌ش کرد، ئه‌م سیاسه‌تمه‌دار و زانایانه له وڵاته‌کانی تر بانگهێشتکرابوون.
سالانێکی زۆریش له رێگه‌ی مه‌ڵبه‌نده‌که‌مانه‌وه، یارمه‌تی به‌رده‌وام بۆ منداڵانی لێقه‌وماوی کورد کۆده‌کرایه‌وه‌و، به رێگای رێکخراوی منداڵپارێزی کۆردستان یار‌مه‌تییه‌کان راسته‌وخۆ ده‌گه‌یشته سه‌رپه‌رشتکارانی ئه‌و منداڵانه له کوردستان، به‌رهه‌مێکی تری زۆر گرنگ، که گه‌ره‌که ئاماژه‌ی بۆ بکه‌م، مه‌ڵبه‌ند بڕیاری دامه‌زراندنی ئارشێفێکی سیاسی دا، بۆ کۆکردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاتی سیاسی له‌باره‌ی کورد، ئه‌و ئارشیفه‌مان هه‌ر ماوه، ئارشێفێکی ده‌وله‌مه‌نده‌و لێکۆله‌ره‌وه‌کان ده‌توانن سوودی لێ وه‌ربگرن. به تایبه‌ت به ئه‌ده‌بیاتی شۆڕشی نوێی کوردستانی زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده. ئه‌وجا له پاڵ ئه‌و چالاکییانه، چه‌ندین چالاکی هاوبه‌شمان هه‌بووه له‌گه‌ڵ رێکخراوی تری کوردی، له بابه‌تی خۆپێشاندان و ناردنی نامه بۆ شوێنه ده‌وڵه‌تییه‌کان و بڵاوکردنه‌وه‌ی به‌یاننامه، له بۆنه نیشتمانیی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان و له باره‌ی کێشه‌کانی په‌نابه‌رانی کورد له ئه‌لمانیا.
ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌کرێ مه‌ڵبه‌ندی ئاوه‌دانی وه‌ک ساڵانی پێشوو چالاک نیه‌و ده‌نگگۆی وه‌ک جاران نه‌ماوه، ئایا خه‌مساردی هه‌ڵسوڕینه‌رانیه‌تی یان خه‌ڵکی تاقه‌تیان لێی چوه ؟ یان سه‌رقاڵی کار‌و کاسبی ئه‌ندامانی بونه‌ته هۆی لاوازبوونی !!! بۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه عه‌بدولموئمین ده‌شتی وای لێک ده‌داته‌وه:
له راستیدا گۆڕانی بارودۆخی کوردسان، بارودۆخی ئاوه‌دانیشی گۆڕی. له‌به‌ر دوو هۆی گرنگ. یه‌ک ئه‌و ئامانجانه‌ی که ئاوه‌دانی بۆی دامه‌زرا بوو، رۆڵیان ئیتر به‌سه‌ر چوو، چیتر کوردستان پێویستی به یارمه‌تی هه‌ژارانه‌ی رێکخراوێکی ئاوا نه‌ماو، ئێستا هاوکێشه‌که ئاوه‌ژوو بووه‌ته‌وه، ئێمه پێویستیمان به کۆمه‌ک هه‌یه له کوردستانه‌وه‌و نامانده‌نێ. دووه‌م به هۆی باری داراییمان نه‌مانتوانی وه‌ک پێویسته خه‌رجی باره‌گاکه‌مان مسۆگه‌ر بکه‌ین، بۆیه له ساڵی 2006 باره‌گاکه‌مان داخست، له‌وساوه سه‌باره‌ت به‌بێ باره‌گایی چالاکییه‌کانمان ساردبوونه‌ته‌وه. هه‌وڵی ئه‌وه‌مان داوه، که یارمه‌تییه‌ک له لایه‌ک وه‌ربگرین به‌ڵام تا ئێستا سه‌رکه‌وتوو نه‌بووین، دیاره وه‌ک پێشتر ئاماژه‌م پێ کرد هاوکێشه‌که ئاوه‌ژوو بووته‌وه، ئێستا ئێمه پێویستیمان به‌وه هه‌یه له حکومه‌ت و حیزبه‌کانی کوردستانه‌وه کۆمه‌ک بکرێین، ده‌نا سه‌باره‌ت به باری ئابووری خراپی ئه‌ڵمانیا، خۆمان ناتوانین وا به ئاسانی خه‌رجی باره‌گایێک مسۆگه‌ر بکه‌ین، به تایبه‌ت به هۆی رێژه‌ی زۆری بێ‌کاری له به‌رلین. زۆربه‌ی هاووڵاتیه‌کانمان بێ کارن، من له‌و باره نزیکه پێش ساڵێک ڕاپۆرتێکی درێژم له شێوه‌ی داخوازی نارد بۆ به‌رێزان سه‌رۆکی حکومه‌تی کوردستان و سه‌رۆکی هه‌رێم و سه‌رۆکی په‌رله‌مان، تێدا باسی ئه‌وه‌م کردووه، که ئێمه‌ش، کوردی ده‌ره‌وه، به‌شێکین له گه‌له‌گه‌ی خۆمان و له رۆژه ره‌شه‌کان سووتاوین بۆ ووڵات، هه‌قمان به‌سه‌ر حوکمه‌تی خۆامانه‌وه هه‌یه، هه‌ندێ پێشنیارم کردبوو، به‌ڵام به داخه‌وه هیچ وه‌ڵامم ده‌ستگیر نه‌بوو، ته‌نانه‌ت وه‌ڵامی گه‌یشتنی داواکه‌شم، که ئوسوڵی سه‌رۆک وڵاته‌کانه ته‌ئکیدی گه‌یشتنی ئه‌و جۆ‌ره نامه گشتیانه ده‌ده‌نه‌وه، بۆ نموونه ئێستا نامه‌یه‌ک بنووسه بۆ سه‌رۆک بوش، زوو وه‌ڵامێکت بۆ دێت، که فڵانی کوڕی فڵان نامه‌که‌ت گه‌یشت...هتد به‌ڵام وابزانم نامه‌که‌ی من که ڕاپۆرتێک بوو له باره‌ی کوردی ده‌ره‌وه، له لایه‌ن هه‌مووان فه‌رامۆش کراوه، که دیاره کوردی ده‌ره‌وه به هی خۆیان نازانن. به هه‌مان ناواخن ڕاسته‌وخۆ ئه‌و داوایه‌م نارد بۆ مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئه‌وانیش وه‌ک ئه‌وانه‌ی پێشوو وه‌ڵامیان دایه‌وه. ئێستاش به‌رده‌وام هاونیشتمانییه‌کانمان ڕه‌خنه‌مان لێ ده‌گرن، له کزبوون و داخستنی ئاوه‌دانی، ئێمه‌ش هه‌ر له هه‌وڵی ئه‌وه‌دا ده‌بین، که ئاوه‌دانی به‌گه‌ڕ بخه‌ینه‌وه.
کوردستانی نوێ ده‌یه‌وێت په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی وسیاسی کورده‌کانی تاراوگه به‌گشتی وئه‌وانه‌ی به‌رلین بزانێ و ده‌شتی به‌م شیوه‌یه تیشکێک ده‌خاته سه‌رئه‌م بابه‌ته ...
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی کورد باڵیۆزخانه‌یه‌کی نیه، ناوه‌ندێکی سیاسی و ئاینی به‌هێزی نیه، په‌یوه‌ندی کورده‌کان و کۆبوونه‌وه‌یان له چوار ده‌وری یه‌کتری به به‌راورد له‌گه‌ڵ ژماره‌ی کورد له به‌رلین بێ هێزه. ساڵانه له جه‌ژنی نه‌ته‌وایه‌تی نه‌ورۆز، له هۆلی جیا جیا، چه‌ند هه‌زار کوردێک له ده‌وری یه‌کتری کۆده‌بنه‌وه. ده‌نا جگه له حیزبایه‌تی و رێکخراوه کوردییه‌کان هۆیێکی تر نیه بۆ کۆکردنه‌وه‌ی کورده‌کان. چونکه حیزبه کوردییه‌کانیش به گشتی له سیاسه‌ت لێکتر دوورن، لایه‌نگره‌کانیشیان لێکتر دوورن، ئه‌مه له لایه‌ک، له‌لاێێکی تر به هه‌ر هۆیێک بێت، له ده‌ره‌وه له‌مێژه، ژماره‌یه‌کی که‌م خه‌ریکی کاری سیاسی و حیزبایه‌تین، ژماره‌ی هه‌ره زۆر دوورن له حیزبه‌کان. ئه‌وه به گشتی باری کوردی به‌رلین. خۆ باری کوردی عێراق زۆر خراپه. کورده‌کانی عێراق له هه‌موو دینێک بوون. حوکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، وه‌ک هه‌موو کورده‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ووڵات هیچ بایه‌خێکی به کوردی به‌رلینیش نه‌داوه، وه‌ک ئه‌وه‌ی به یه‌گجاری ده‌ستی له‌و کوردانه شوشتبێت. حیزبه‌کانیش ئه‌وه هه‌ر هیچ.
ئه‌نجوومه‌نی باڵای شۆڕشی ئیسلامی له به‌رلین یه‌ک کڵێسا‌ی گه‌وره‌ی کڕیوه، کردوویه‌تی به مزگه‌وت و باره‌گا بۆ لایه‌نگرو هه‌وادارانی، هه‌ر هۆڵه‌که‌ی جێگه‌ی هه‌زار که‌س دانیشتنی تێدا ده‌بێته‌وه ، به داخه‌وه کوردانی به‌رلین، ناوه‌ندێکی گشتی کوردیان نیه تێیدا کۆببنه‌وه. خۆزگه حکومه‌تی کوردستانیش بیرێکی له کوردی ده‌ره‌وه ده‌کرده‌وه‌و له هه‌ر شارێکی گه‌وره‌ی دنیا خانووێکی ده‌کڕی، به پێڕه‌وێک ده‌یکردن به مه‌ڵبه‌ندی کوردانی هه‌نده‌ران. ئه‌و کوردانه‌ی که زۆربه‌یان له ڕۆژه ڕه‌شه‌کان ده‌بن به ده‌نگ و پشت و په‌نای گه‌له‌که‌یان، من ئه‌وه به ئه‌رکێكی سیاسی حیزبه‌کانیش ده‌زانم، وه من کوردی ده‌ره‌وه به گه‌نجینه‌یه‌کی زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بینم بۆ پرسه سیاسی و زانستی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی کوردستان، به‌ڵام ئه‌و گه‌نجینه نه‌ک هه‌ر سوودی لێ وه‌رنه‌گیراوه، به‌ڵکوو هه‌ر وه‌ک نه‌بوو ته‌ماشا کراوه. دیاره کوردانی ده‌ره‌وش هه‌قه ڕشتتر خۆ رێکبخه‌ن و داوای مافه‌کانی خۆیان له حوکمه‌تی کوردستان و حوکومه‌تی عێراقیش بکه‌ن.
ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه له وڕیپۆرتاژه‌دا بڵێین ئه‌وه‌یه که‌له‌وه‌ته‌ی کوردان له تاراوگه ده‌ژین، پێ به‌پێ له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی له ناو کوردستان هاوخه‌بات هاو خه‌می کێشه‌کان بوون و له ڕۆژه ڕه‌ش وسه‌خت و دژواره‌کانی گه‌له‌که‌ماندا پاڵپشتێکی سیاسی و دارایی مه‌زنی ئه‌وانه‌ی ناوه‌وه‌و بوون، بۆیه هه‌قه له سه‌رده‌می ئازادی وده‌سه‌ڵاتی کوردی‌دا له‌بیر نه‌کرێن و كاتی هاتوه هه‌ندێک له به‌رهه‌می خه‌باتی خۆیان و میلله‌ته‌که‌یان بخۆن .
عبدالموئمن ده‌شتی کێ یه ؟
ناوی عه‌بدولموئمن وکوڕی مه‌لا ده‌شتی شاعیره، له‌ساڵی 1956 له شاری هه‌ولێر له‌دایک بوه‌و قۆناغه‌کانی سه‌ره‌تایی وناوه‌ندی وئاماده‌یی له‌وێ ته‌واوکردوه، ده‌رچوی په‌یمانگای ته‌کنۆلۆژی به‌غدا‌و بڕوانامه‌ی ماسته‌ری له ته‌لارسازی زانکۆی (به‌رلین) وه‌رگرتوه‌و وه‌ک مامۆستا‌و سه‌رۆکی به‌ش له دامه‌زراندنی کۆلیژی ته‌لارسازی زانکۆی(کۆیه) به‌شداربوه، له ساڵی 1974چۆته ڕێزه‌کانی پارتی دیموکراتی کوردستان وله 1979 بۆته ئه‌ندامی یه‌کێتی قوتابیانی کوردستان، له ساڵه‌کانی 1982 تا 1990 له هه‌موو کۆنگره‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی خوێنکارانی کوردستان له‌ده‌ره‌وه به‌شداری کردوه ، له 1982 بۆته سکرتێری کۆمه‌ڵه‌ی خوێندکارانی کوردستان له ده‌ره‌وه‌ی وڵات/ئه‌کسا، ڕۆڵی سه‌ره‌کی هه‌بوه له یه‌کگرتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی خوێنکاریه‌کانی تر و له 1992 ه‌وه بۆ ماوه‌ی 12 ساڵ له‌سه‌یه‌ک به لێپرسراوی کۆمیته‌ی ڕێکخستنی ئه‌ڵمانیا هه‌ڵبژێردراوه‌ته‌وه، له وه‌ته‌ی له ئه‌ڵمانیایه به‌شداری وسه‌رپه‌رشتی زۆر له کۆنفرانسه‌کانی کۆمیته‌و مه‌ڵبه‌ندی ده‌ره‌وه‌ی کردوه، ئه‌ندامی دامه‌زرێنه‌ری (جڤاتی به‌رلین) و(سه‌نته‌ری کوردی) و(مه‌ڵبه‌ندی ئاوه‌دانی )و(ناوه‌ندی که‌لتوری کوردی) بوه، به درێژایی ژیانی له ووڵاتی ئه‌ڵمانیادا که خۆی له 26 ساڵ ده‌دات به‌رده‌وام خه‌مخۆری کێشه‌نه‌ته‌وایه‌تیه‌که‌ی وئار‌یشه‌ی کورده‌کانی ده‌ره‌وه بوه، به نوسین وتێڕامان به‌شداری له‌و ڕۆژنامه‌و گۆڤارانه کردوه که له‌و ووڵاته له‌لایه‌ن کورده‌کانه‌وه ده‌رچووبن ، وه‌ک گۆڤاری کۆمه‌ڵه‌ی خوێنکاران ( ده‌نگی خوێندکارانی کوردستان ). له ساڵی 1985 بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری ( پڕشنگ ) گۆڤاری ناوه‌ندی کۆمه‌ڵه بوه‌وله 1996 له‌گه‌ڵ (پێشڕه‌وی سه‌ید برایمی ) له‌سه‌ر حسێبی دارایی خۆیان ڕۆژنامه‌ی ( سه‌کۆ ) یان ده‌رکردوه که بڵاوکراوه‌یه‌کی دیار و به‌ناو بانگ بوو له نێو کوردانی تاراوگه‌دا، له ساڵی 2002 وه‌ک لێپرسراوی کۆمیته‌ی ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ کارگێڕه‌کان گۆڤاری ( پێشهات ) یان ده‌رکردوه، ئه‌م گۆڤاره تا ساڵی پاریش به شیوه‌یه‌کی ده‌وری هه‌ر به‌رده‌وام بوو، له 2006 دا بۆته ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی گۆڤاری (تێگه‌یشتنی ڕاستی) وتا ئێستا چه‌ند ژماره‌یه‌کی لێ ده‌رچوه، هه‌شت کتێب ونامیلکه‌ی ئه‌ده‌بی و زانستی بڵاوکردۆته‌وه‌و له زۆربه‌ی ڕۆژنامه‌و گۆڤار‌و سایته ئه‌لێکترۆنیه‌کان به‌رهه‌می خۆی بڵاو ده‌کاته‌وه، ده‌یان کۆڕ‌و سیمیناری سیاسی وئه‌ده‌بی له ئه‌ڵمانیا گێڕاوه، کادیرێکی کاراو چالاکی ڕیزه‌کانی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستانه