گوڵ یان خاشاک
عه‌بدولموئمین ده‌شتی
کۆیه/29/05/2011
15.5.2011 رۆژی گرتنی وێنه‌ی ده‌رچوونی ده‌سته‌یه‌کی تر له خوێندکارانی زانکۆی کۆیه بوو، هه‌موو به جلوبه‌رگی قه‌شه‌نگ خۆیان رازاندبووه‌وه، خوشک و براو دایک‌و باوک و که‌سوکاره‌کانیش هاتبوون، مامۆستاکانیش رێکتر له رۆژانی تر خۆیان پۆشی بوو، رۆژێکی خۆش و گه‌ش بوو، له هه‌موو لێو و کوڵمێک زه‌رده‌خه‌نه ده‌باری.
له به‌رده‌م ده‌روازه‌ی به‌شه‌که‌مان گوڵفرۆشان گوڵیان له‌سه‌ر زه‌وی رۆکردبوو، بازاڕیان گه‌رم بوو، هه‌ر چه‌پکه گوڵ بوو بۆ دیاری ده‌کڕدرا، رووداوه‌کان هه‌موو جێی دڵخۆشی بوون. کوردستانێکی ئازاد، به‌یانیێکی رۆناک، هه‌وای به‌هاری، گه‌لێکی رووخۆش و ده‌م به‌خه‌نده...
به‌ڵام ئه‌فسووس ئه‌ندێشه‌یه‌ک منی له‌م خۆشییه دوور ده‌خسته‌وه، ده‌مویست خۆمی لێ رزگار بکه‌م، یه‌قه‌ی به‌رنه‌ده‌دام، نزا پیرۆزه‌که‌م به هزردا ره‌ت بوو: "خودایه هێزی فه‌رامۆشکاریم بده‌یتێ به‌رامبه‌ر ئه‌و شتانه‌ی ناتوانم بیانگۆڕم!"، وه‌لێ نزاکه‌م گیرا نه‌ده‌بوو.
ئه‌و ئه‌ندێشه ملۆزمه که به‌ربینگی گرتبووم له شتێکی ناشیرنه‌وه سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتبوو، نا له شتێکه‌وه بوو که له رووی فۆرم و ره‌نگه‌وه گه‌لێک دڵگربوو، به‌ڵێ ئه‌مه خودی گوڵه‌کان بوون، که منیان ئاوا دڵپه‌ست کردبوو. تۆ بڵێی منی ته‌لارساز، که هه‌ر نا ده‌بێت که‌مێک له هونه‌ر بگه‌م و جوانپه‌رست و جوانبین بم، دڵم به گوڵ بگوشرێت. نا هۆیه‌که‌ی گوڵ و لاله نه‌بوو، به‌ڵکو ئه‌و گوڵه پلاستیکییانه بوون، که وه‌ک به‌شی زۆری پرۆژه بیناکارییه جێبه‌جێکراوه‌کانی کوردستان ده‌هاتنه به‌رچاوم، ئه‌وانه‌ی دوورکوژی نزیک خه‌سارن، له دووره‌وه قه‌شه‌نگ و جوانن، وه‌لێ که لێیان نزیک ده‌که‌ویته‌وه‌و به هاوێنه‌ی ویژدان لێیان و‌رد ده‌بیته‌وه، ده‌بینیت ئاتاریان به‌سه‌ر پاتاریانه‌وه نیه: بۆڕی و شێره‌ی ئاو و ئاوه‌رۆکه‌کانیان، کاشی و سواقه‌کانیان، مۆزایکی دیواره‌کانیان، ده‌سگری ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌کانیان... هیچیان به‌سه‌رخۆیانه‌وه نین، به تایبه‌ت بینا گشتییه‌کان، ئاویان لێ ده‌تکێ، ژه‌نگییان گرتووه، هه‌ڵتۆقیون، له‌شوێن خۆیان له‌قیون و شه‌قیان بردووه، شکاون، وه‌ک ئه‌وه‌ی په‌نجا ساڵ ته‌مه‌نیان بێت، وه‌ک ئه‌وه‌ی به‌رپرسی سه‌رپه‌رشتیار، ئه‌ندازیاری جێبه‌جێکار، موقاویلی به‌دکار، ئه‌مانه‌یان بۆ دوژمنانی خۆیان بنیاتنابێت... ئه‌م وه‌سفانه ورده‌کاری به‌شێک له باخچه‌و شۆسته‌و زۆربه‌ی هه‌ره زۆری جاده‌کانیش ده‌گرێته‌وه، ئه‌وانه‌ی له سه‌رده‌مێکی دێرین و کۆنینه، پتر له ساڵێک، واته له چاخی ئازادی کوردستان بنیاتنراون...
به‌ڵێ بێ ده‌ستی خۆم ئه‌و گوڵانه‌ی به‌رده‌م زانکۆ ئه‌م شتانه‌یان ده‌هێنایه‌وه به‌رچاوم. گوڵی پلاستیکی بێ بۆن، زبر، وشک، نه‌وتاوی... هاته‌وه یادم، ئه‌و سه‌رده‌مانه‌ی هێشتان لاو بووم، سه‌رده‌می دلداری و خۆشه‌ویستی بوو، چۆن دڵم ده‌هات گوڵی نایلۆن پێشکه‌شی دلبه‌ره خۆشه‌ویسته‌که‌م بکه‌م...
ئه‌و گوڵانه‌م هه‌موو وه‌ک ئه‌و نایلۆنه ره‌شه زۆر و زه‌وه‌ندانه ده‌هاتنه به‌رچاو که هه‌موو لایێکی ئه‌و وڵاته‌یان ته‌نیوه... هه‌موویم وه‌ک خاشاک ده‌هاتنه به‌رچاو، جا چۆن خاشاک به دیاری ده‌ده‌مه دلداره‌که‌م.
کزه‌یه‌کم له جه‌رگه‌وه هات، ئاخ! چۆن فیرمای تورکی و چینی و ئێرانیی به به‌ره‌لایی، به ناوی بازاڕی ئازاد، کوردستانیان پڕکردووه له خاشاک... جلوبه‌رگی عه‌مباره‌سۆت و پێڵاوی نه‌وتاوی و که‌ره‌سه‌ی کاره‌بایی ستۆک و گوڵه نایلۆنه‌کان ته‌ماشا بکه‌ن، وه‌لێ به چاوی ویژدان ته‌ماشایان بکه‌ن، بزانن ئه‌مانه که‌ره‌سه‌ی بازاڕن یان خاشاک... باسی خوارده‌مه‌نی ناکه‌م، که جێێ قێز لێ بوونه‌وه‌ن.
ئافه‌رین به‌رپرس، ئافه‌رین په‌رله‌مان، ئافه‌رین حوکمه‌ت، ئافه‌رین ئه‌ندازیار، ئافه‌رین موقاویل و بازرگانی به پاره‌گێژ... ئافه‌رین بۆ ئه‌وانه‌ی بۆ رێزگرتن گوڵی نایلۆن له‌سه‌ر گۆڕه‌کان داده‌نێن و پێشکه‌شی یه‌کتری ده‌که‌ن... ده‌سا تا ئاوان چه‌پکێک گوڵی نایلۆن پێشکه‌شی خۆتان و دڵداره‌کانتان بێت!