ئاگادارییه‌ک بۆ دێوه‌زمه‌که‌ی خۆم _ یه‌ک
عه‌بدولموئمین ده‌شتی
چونکه له خۆمی و هێشتانیش خۆت نه‌گرتووه، چاوپۆشی له کاره‌کانت ده‌که‌م، به‌شه قووتی من هه‌ڵلووشه، راو و رووتم بکه‌و هه‌رچی سه‌رمایه‌کم هه‌یه بیڕفێنه، چاوم لێ زیت بکه‌وه‌و قسه‌شم پێ بڵی، هه‌موویت لێ قه‌بووڵ ده‌که‌م.
ئه‌وه‌م له نه‌زانییه‌وه نیه، له ترسی دێوه‌زمه کهڵبخوێناویهکهی دوێنێیه. له دڵی خۆم ده‌ڵێم، هه‌ر نه‌بێت ئه‌و دێوه‌زمه له‌مه‌ڕ خۆمه، گه‌ر گۆشتیشم بخوات، ئێسقانه‌کانم ناشکێنێت. مۆڕه‌م لێ مه‌که‌و خۆتم لێ ره‌نگاوره‌نگ مه‌که! هه‌ر ئه‌وه‌نده جودای له‌گه‌ڵ دێوه‌زمه نامۆکهو چیتر نا.
ئاگادارت ده‌که‌مه‌وه، من به‌رگریت لێ ده‌که‌م، چونکه ناتوانم به‌و بانگاشه‌یه باوه‌ڕبکه‌م، ده‌ڵێن گوایه خه‌ریکی ده‌ست به ئێسقان شکاندنم بکه‌یت، ئه‌گه‌ر راست بێت، ئه‌مه تراژیدێایێکی سامناکه، بۆخۆت و بۆ منیش، له‌لایێک من له‌ناو ده‌چم، له‌لایێک ناچار ده‌بم تۆ له‌ناو به‌رم. ئای ئه‌وه تراژیدیایێکی چه‌نده خه‌مناکه، دێوه‌زمه‌که‌ی خۆم من له‌ناوده‌بات و به ده‌ستی منیش خۆی له‌ناوده‌بات، پله‌ی ئاگادارکردنهوهکهم سووره، وه‌ک جارانی پێشوو مه‌که، به هه‌ندی وه‌ربگره، ئه‌گه‌ر وام له‌گه‌ڵدا بکه‌یت، دێوه‌زمه نامۆکه به گژماندا دێته‌وه‌و ئێسقانی شکاوی من و گۆشتی بێ ئێسقانی تۆ ده‌پلیشێنێته‌وه، هیواده‌خوازم، تکاده‌که‌م، ده‌پاڕێمه‌وه، ئیسقانهکانم مهشکێنهو، تا ده‌کرێت زوو ناراستی ئه‌و بانگاشه‌یه بسه‌لمێنه، هه‌ی دێوه‌زمه‌که‌ی له‌مه‌ڕ خۆم.
به‌رلین 11/05/2010 تۆ دێوه‌زمه‌یه‌کی جیاوازی _ دوو
پرسیت له‌گه‌ڵ كێته؟ زۆر ملهوڕ نیت، بۆیه سۆسه‌ی ئه‌وه‌ت کردووه که له‌گه‌ڵ تۆمه، بۆ ناوت ده‌نێم دێوه‌زمه؟ شه‌رمت به‌م ناوه‌یه؟ نا باوه‌ڕناکه‌م تۆ به شه‌رم ئاشنا بیت. ئه‌و ناوه پڕ به پێستی تۆیه! من دێوه‌زمه‌م زۆر دیوه، هه‌بووه وه‌ک پشیله‌یه‌کی ره‌شی سامناک به‌رۆکی گرتووم و مته‌قی لێ بڕیوم، هه‌بووه هه‌وڵی داوه له شوینێکی بلند بلند پاڵم پێوه بنێ و بمخاته خواره‌وه‌و هه‌پڕون به ههپڕونم بکات، هه‌بووه لێره‌و له‌وێ وه‌ک لیۆپاردی چنگبهخوێن راوی ناوم و ویستوویه‌تی هه‌لا به هه‌لام بکات، هه‌بووه خۆی لێ کردووم به تارمایێک و له ناکاو هێرشی بۆ هێناوم زاره‌تره‌کی کردووم، هه‌بووه خۆی له بۆسه ناوه‌و له پشته‌وه هێرشی بۆ هێناوم، زه‌نده‌قی بردووم، ئێستاش نه‌مزانیوه چی و چۆن بووه...
ناتوانم هه‌موو جۆره‌کانیان بژمێرم، زۆرم تووش هاتوون زۆر ئازاریان داوم، به‌ڵام هه‌موو دێوه‌زمه‌کان له یه‌ک ئاکاردا هاوبه‌ش بوون، هه‌میشه که له‌خه‌و واگا هاتووم وهل و سه‌رنگوم بوون، تۆ راست ده‌که‌یت، تۆ جیاوازی، تۆ دێوه‌زمه‌یه‌کی جیاوازی، تۆ وه‌ک ئه‌وان نیت، من واگاش دێم تۆ هێشتان له‌سه‌ر سنگمدا چه‌قیوی، به واگاییش هێرشم بۆ دێنیت، ده‌مترسێنی، ئازارم ده‌ده‌یت و راوم ده‌نێیت، ئه‌وه‌نده‌م راودهنێیت، تا دیسان خه‌سته‌و که‌نه‌فته ده‌بمه‌وه، له خه‌سته‌یی و شه‌که‌تی خه‌و ده‌مباته‌وه، خه‌وێکی زڕه خه‌و، له خه‌ویشدا به هه‌زار جۆر، به هه‌زار چاوی زه‌ق و قامچی ڕه‌ش و داری ره‌ق و سیکاردی تیژ و تارمایی سامناک راوم ده‌نێت، ئه‌شکه‌نجه‌م ده‌ده‌یت، تا دووباره له خه‌وه‌که‌م راده‌په‌ڕم و رووبه‌ڕووت ده‌بمه‌وه، تۆ جیاوازی، وه‌ک دێوه‌زمه‌کانی تر نیت، تۆ هه‌موو کاتێک بهسهرمهوهی. تۆ به‌شێکی جه‌سته‌ی خۆمی، ترووکاوی گه‌راکانی جه‌سته‌می، بووی به سێبه‌ر و هه‌میشه له‌گه‌ڵمدای...
ئای دێوه‌زمه‌که‌ی له مه‌ڕ خۆم، به‌ڵایێکی چه‌نده سه‌ختی، چه‌نده بێ هه‌ست و دڵڕه‌قی. خۆزگه ئاوا جیاواز نه‌بای!
به‌رلین 19/05/2010 دێوهزمهکهم! نه‌ڵێی کرمانجم و نزانم! * _ سێ
ئه‌مڕۆ به ڕاشکاوی پێت ده‌ڵێم، زۆرت لێ ده‌ترسم، به قه‌د مه‌ڕی به‌ر سیکاردی بکوژ لێت ده‌ترسم، ده‌نا وا تێ نه‌گه‌ی نه‌مزانیوه، سه‌رله‌به‌ری پرسه‌که ده‌زانم، وه‌لێ ناوێرم جاڕی بده‌م، نه‌بێژی کرمانجم و نزانم! ...
له مێژه چهشهم تامی شیرینیی له یاد چووه، بۆیه گومڕا ده‌بم و وا تێده‌گه‌م تامی تۆ شیرینه، له جیاتی مێشک ده‌تخه‌مه زاری خۆم، دوای قوتدانت، گه‌رووم پڕ ده‌بێت له تامی زهقنهبوت، مه‌ڵێ کورده‌و نه‌زانه، بیر و په‌یڤ و کارت تفت و تاڵن، وه‌کو ژه‌هری هه‌لا هه‌لان، کاتێک قوتت ده‌ده‌م ژه‌هراویم ده‌که‌یت و تاڵاوی مه‌رگم پێ پێ ده‌چێژیت...
زۆرت لێ ده‌ترسم...، به‌ڕاستی تۆ ترسێنه‌ری، ترسی ئه‌وه‌شم هه‌یه هه‌له بم، چونکه دوور نیه هه‌له بم و تۆ نه‌مر بیت، ده‌ترسم تۆ من بخۆیت و خۆشت جاویدان بیت... به‌ڵام مه‌ڵێ کرمانجم و نه‌زانم، باش شاره‌زای ئه‌و هاوکێشه‌یه‌م، ئه‌گه‌ر بێت و تۆ سه‌ری من بخۆیت و من بمر بم و تۆ نه‌مر... به‌ڵام چونکه له خۆمی جارێکی تر به پله‌ی سوور ئاگادارت ده‌که‌مه‌وه، ئه‌گه‌ر شته‌که وا که‌وته‌وه، که دوور نیه وا بکه‌وێته‌وه، ئاگاداربه، بزانه، هه‌رچه‌نده من کرمانجم، به‌ڵام ئازاره‌کان فێریان کردووم، به‌و رازه ئاشنام، گومانم له‌مه‌دا نیه، ئه‌و نهمرییهئ تۆ مه‌رگی ئه‌به‌دییه، ئه‌و مه‌رگه‌ی منیش ژیانی جاویدانییه... ئه‌وه‌شه وزه‌ی ژیانم.
ئای دێوه‌زمه‌که‌ی له مه‌ڕ خۆم، خۆزگه وه‌کو منی کرمانج له ئه‌زموونه‌کان فێر ده‌بوویت، به‌و هاوکێشه‌یه ئاشنا ده‌بوویت، تا نه‌سه‌ری منت بخواردبایهو نه ئه‌و ژیانه مهرگاویهت بۆ خۆت ههڵبژێردبایه.... هه‌زار خۆزگه...
* ئاماژه‌یه بۆ ئه‌م چیرۆکه که به‌م دواییه براده‌رێک بۆی گێڕامه‌وه: "جوتیارێکی لادێیه‌کی ده‌وروبه‌ری شاری ئامه‌د، دێته شاری ئامه‌د، زه‌مانی پاره‌ی مه‌جیدی، زۆری برسی ده‌بێت، نانێکی له‌واشه ده‌کڕێت و ده‌چێته لای کۆشکارێک (کۆشکار: پێڵاودروو)، کۆشکارهکه له دوکانه‌که‌ی هه‌ندێ قایشی خستۆته ناو ئاوێک بۆ نهرمبووونهوهو ئاماده‌کردنی بۆ پێڵاوسازی، ئاوه‌که وه‌ک ره‌نگی دۆشاوی سور و قاوه‌یی ده‌بێت، کابرای جوتیار وا ده‌زانێت ئه‌مه دۆشاوه، له وه‌ستا ده‌پرسێت: "ئه‌گه‌ر نانهنهکهم به‌م دۆشاوه بخۆم چه‌ندم لێ وه‌رده‌گری"، وه‌ستاش ناڵێ ئه‌مه قایشاوه، ده‌لێت نیو مه‌جیدی (پاره‌ی ئه‌وسا)، جوتیار نانه‌که‌ی خۆی له ئاوه‌که هه‌ڵده‌هێنێت وتێر نان و قایشاو ده‌خوات، ئینجا پاره‌که ده‌خاته ده‌ستی وه‌ستاو پێی ده‌ڵێت: "نه‌بێژی، ئه‌ز کرمانجم و نزانم، دبساته نه شیرینه."
به‌رلین 21/05/2010 وێنه‌یه‌کی دێوه‌زمه‌که‌ی خۆم _ چوار
دێوه‌زمه‌که‌ی له مه‌ڕ خۆم! ده‌ڵێن ریگای نه‌مانت گرتۆته به‌ر، راسته؟ من که‌سێکی دڵپاکم، بێ به‌ڵگه‌ی رۆشن ناتوانم بڕیار بده‌م، وه‌لێ ئه‌م هاتوهووته زۆرم ده‌ترسێنێت، ده‌ترسم ئه‌م ئاگره بێ دوکه‌ڵ نه‌بێت، ده‌ترسم تۆش وه‌ک دێوه‌زمه مرهکانی مێژوو نه‌مر نه‌بیت، ئه‌مڕۆ وێنه‌یه‌که‌ت ده‌گرم، ده‌ڵێن کامێرا درۆ ناکات و وێنه‌ی راستیی پێشانده‌دات، وێنه‌که بۆ نهوهکانمه، با نه‌وه‌کانم باشت بناسن و به چیرۆک‌نووسان فرێو نه‌خۆن. با له رێی ئه‌م وێنه‌یه‌وه کتومت وه‌ک خۆت بتناسن.
وه‌ره دێوهزمهکهم، دێوه‌زمه‌که‌ی له خۆم و له‌مه‌ڕ خۆم، تا هه‌ی با وێنه‌یه‌کت بگرم، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و بانگاشه‌یه راست نه‌بوو، ئه‌وا تۆ هه‌ر ده‌مینیت و شانازی به وێنه‌که‌ت ده‌که‌م، تۆش ئه‌وه‌نده ژیربهو له‌م گومانه‌م مه‌تۆرێ و لێم خۆشببه، خۆ ئه‌گه‌ر بانگاشهکهش راست ده‌رچوو، ئه‌وا تۆ به‌هره‌ی مانه‌وه‌ت نیه، وێنه‌که وه‌ک به‌لگه‌یه‌کی پڕ بایه‌خ پێشکه‌شی نه‌وه‌کانم ده‌که‌م، بۆ ئه‌وه‌ی په‌ندی لێ وه‌ربگرن و لێیه‌وه فێرببن، گومانم له‌مه‌دا نیه، که نه‌وه‌کانمان له تۆ و له من زره‌نگتر و هۆشیارتر ده‌بن.
سه‌رده‌می کامێرای دیگیتاڵه، وه‌ره با وێنه‌یه‌کی کتومت وه‌ک خۆتت بگرم، نه‌بادا نه‌وه‌کانمان به خۆیان بنازن و وابزانن باپیرانییان دێوهزمهیان تێدا هه‌ڵنه‌که‌وتووه. با بزانن تۆوی دێوه‌زمه له پشتی ئه‌وانیشدا هه‌یه.