به‌شداری کۆمه‌ڵه‌ی پزیشکانی کورد له ئه‌ڵمانیا له كونگرەى سیسته‌می تەندروستى نیونه‌ته‌وه‌یی له هه‌ولێر
کۆمه‌ڵه‌ی پزیشکانی کورد له ئه‌ڵمانیا به‌شێوه‌یه‌کی چالاکانه له کۆنگره پزیشکییه‌کاندا که چه‌ند ساڵێکه له باکور و باشوری کوردستان سازده‌کرێت ڕۆڵی خۆیان ده‌بینن و جێگه‌ی خۆیانیان به کار و چالاکییه‌کانیان کردۆته‌وه، هه‌ربه‌هۆی سازدانی ئه‌م کۆنگرانه‌وه په‌یوه‌ندییه‌کی باش و دۆستانه له نێوان دکتۆر و کارمه‌نده پزیشکییه‌کاندا له گشت پارچه‌کانی کوردستاندا دروست بووه.
کۆمه‌ڵه‌ی پزیشکانی کورد له ئه‌ڵمانیا بانگهێشتی هه‌ندێك له پزیشک و پسپۆره‌کانیان کردوه بۆ کۆنگره‌ی کۆمه‌ڵه‌که‌یان، که بڕیاره له 9-10/4/2011 له شاری هانۆڤه‌ر سازده‌کرێت، که به خۆشحالییه‌وه پێشوازی له‌و بانگهێشته کراوه و بڕیاره به‌ڕێز د. تاهیر هه‌ورامی وه‌زیری ته‌ندروستی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ئاماده‌ی کۆنگره‌بێت.
کۆنگره‌ی ته‌ندروستی له هه‌ولێر له ڕۆژی یه‌که‌میدا نزیکه‌ی 900 به‌شداربوی هه‌بوه و پاشان ڕۆژانه له نێوان 200 – 300 بووه. کاره‌کان زۆر به ڕێك و چڕی به‌ڕێوه چووه که ڕۆژانه له ده‌مژمێر 8:30 تا 17:30 بووه و هه‌ر بابه‌ته له نێوان 90 بۆ 100 خوله‌کی خایاندووه و له نێواندا پشوی چا و قاوه خواردنه‌وه هه‌بوه و کاتژمێرێکیش بۆ پشو و خواردنی نیوه‌ڕۆ.
به‌شداربوان به ڕێژه‌ی له 60% له‌و وڵاتانه‌وه هاتبون که ئینگلیزی زمانن و ئه‌وانی تریش له هه‌رێمی کوردستان و عێراق و ووڵاتانی عه‌ره‌بی، وه دکتۆر ڕه‌سول فه‌قێ سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌ی پزیشکانی کورد له ئه‌ڵمانیا به ناوی کۆمه‌ڵه‌که‌یانه‌وه به‌شداربوو.
کۆمه‌ڵه توانی نزیکه‌ی 15 کیلۆ ده‌رمانی هه‌مه‌ڕه‌نگی پێویست وه‌ك سوکه هاریکارییه‌ك بگه‌یه‌نێته که‌مپی مه‌خمور.