عه‌بدولموئمین ده‌شتی
به‌رلین
09/04/2009
شانۆکار نیم، بۆیه ناتوانم شانۆگه‌ری دیوار له رووی شانۆناسییه‌وه هه‌ڵبسه‌نگێم. لێره ده‌مه‌وێ ته‌نها هه‌ستی خۆم تێکه‌ڵی چه‌ند سه‌رنجێک بکه‌م که له بینینی شانۆگه‌ری دیواردا له‌لام ئاوێته بوون.
شانۆگه‌ری دیوار له رۆژی 08.04.2009 کاتژمێر حه‌وتی ئێواره له شاری به‌رلین له‌لایه‌ن "گروپی گه‌نج بۆ شانۆ" و ده‌رهێنانی "کارۆخ ئیبراهیم" پێشکه‌شکرا. چوار لاو، روبار ئیسماعیل و مه‌زهه‌رئیبراهیم و ژیار ئیسماعیل وکارۆخ ئیبراهیم ئه‌کته‌ره‌کانی ئه‌و شانۆگه‌رییه بوون. موزیک که رۆلێکی کاریگه‌ری له شانۆگه‌رییه‌که هه‌بوو، له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ند "کاریان شێرکۆ" سه‌رپه‌رشتی کرابوو. وه‌ک بینه‌ریكی ئاسایی لای من شانۆگه‌رییه‌که له ڕووی ته‌کنیکه‌وه رۆناکی، موزیک، جووله، ده‌نگ و ئاخاوتن تا ڕاده‌یه‌کی باش سه‌رکه‌وتوو بوو، که‌مێک زیاد له پێویست به‌کارهێنانی هێز له شانۆکه هه‌ستی پێ ده‌کرا، به‌ڵام وه‌ک گوتم من شانۆناس نیم و جگه له‌و چه‌ند وشه چیتر باسی ته‌کنیکی شانۆگه‌رییه‌که ناکه‌م.
ئه‌وه‌ی لای من گرنگه ئه‌وه‌یه، وه‌ک ئاواره‌یه‌ک له مێژه هیچ شانۆگه‌ریێکی کوردیم نه‌د‌یوه، که به قه‌د ئه‌و شانۆگه‌رییه پتر ده‌ست بۆ ئازاره کوشنده‌کانی گه‌له‌که‌مان به‌رێت و به قه‌د ئه‌وه‌ش کاریگه‌ری له منی بینه‌ر کردبێت.
په‌یامی شانۆگه‌ری دیوار زۆر رۆشن بوو، هه‌رچه‌نده ده‌ربڕێنه‌کان تا ڕاده‌یه‌ک هێمایی بوون، به‌ڵام هێماکان مه‌ته‌ڵ نه‌بوون و ئاسان خۆیان شیکار ده‌کرد.
ناوی شانۆگه‌رییه‌که پڕ به پێستی ناواخنه‌که‌ی بوو. راسته مرۆڤ له زووه‌وه دیواری وه‌ک په‌ناگایه‌ک بۆ ژیان و پاراستنی خۆی به‌کارهێناوه، به‌ڵام ئه‌و دیواره‌ی که بووه به هه‌وێنی ئه‌و شانۆگه‌رییه دیوارێکه له چه‌شنی دیواره‌کانی زیندان، دیوارێکه دژی ژیانی مرۆڤ بنیاتنراوه، کتومت وه‌ک دیواره نه‌فره‌تلێکراوه‌که‌ی به‌رلین، بۆیه له به‌رلین شانۆگه‌رییه‌که ناوی گۆڕابوو ببوو به "دیوار له نزیک دیواری به‌رلین".
سیاسه‌ت به لاتینیی پێی ده‌ڵین پۆلیتیک، واته دوزینه‌وه‌ی ئه‌و رێگا‌و چاره‌سه‌رییانه‌ی که ژیانێکی گونجاو و ڕه‌وا بۆ تێکڕای کۆمه‌ڵگایه‌ک دێنننه کایه‌وه، واته هه‌وڵ ده‌دات که هه‌موو تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا به جیاوازی بیر و بۆچوون و شیوه‌و ره‌گه‌ز پێکه‌وه له ناو ژیانێکی گونجاو‌دا ئاوێته بکات. ئه‌و دیوارانه بڕوخێنێت که جیاوازی ده‌خه‌نه نێوان کۆمه‌ڵگا. ئه‌دی ئه‌گه‌ر سیاسه‌تمه‌داران به ناوی سیاسه‌ت کۆمه‌ڵگایێکی گونجاویان شه‌ق و په‌ق کرد، گه‌لێکییان کرد دوو پارچه‌ی نامۆ له‌گه‌ڵ یه‌کتری و دیوارێکی ئه‌ستووریان له نێوان دروست کرد، ئایا ئه‌وه زۆر هه‌ڵه نیه، که کاری ئه‌و که‌سانه به پۆلیتیک یان سیاسه‌ت ناوبه‌رین، راستر نیه کاری دروستکردنی ئه‌و دیوارانه له هه‌ناوی گه‌لێک وه‌ک ئه‌و شانۆگه‌رییه پێمان ده‌ڵیت، ناوبنێین تاوان.
هونه‌رمه‌ندانی ئه‌و شانۆگه‌رییه زۆر هونه‌رمه‌ندانه ئه‌و دیواره قێزه‌ونه‌یان به‌رجه‌سته ده‌کرد، ئازار و مه‌ینه‌ته‌کانی ئه‌و دیواره‌یان خسته به‌رچاومان، که چۆن بووه به به‌ڵایێک به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگای کوردستان. ئه‌وه‌ی به چاوی دڵ، به چاوی ژیری ته‌ماشای ئه‌و دیواره بکات، که ئه‌و شانۆگه‌رییه باسی لێوه ده‌کات شه‌رم له سیاسه‌تی ناوخۆمان ده‌کاته‌وه. سیاسه‌تێک که له جیاتی کۆمان بکاته‌وه‌و ژیانێکی گونجاوی هاوبه‌شمان پێشکه‌ش بکات، دابه‌شی کردووین و دیواری له نیوان دروست کردووین. سیاسه‌تێک که ئه‌وه به ڕه‌وا ده‌زانێت کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی لای خۆی له په‌نای ئه‌و دیواره، به ئاره‌زووی خۆی بچه‌سێنێته‌وه‌و دیواره‌که‌ش به بۆیه‌ی ئازادی و دێمۆکراسی بۆیه بکات.
ئه‌و شانۆگه‌رییه پێمان ده‌ڵێت: ئێوه ئه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی بێ ده‌نگن و چه‌پله ده‌کوتن، هه‌ر هه‌مووتان له بنیاتنانی ئه‌و دیواره و به‌ره‌نجامه‌کانی هاوبه‌ش و هاوکارن.
به داخه‌وه له‌و شانۆگه‌رییه‌دا، کاتێک دیواره‌که ده‌رووخێت، که کار له کارترازاوه‌و دوو پاڵه‌وانی شانۆگه‌رییه‌که، که دوو شاپارچه‌ی گه‌لن له ئازاری ئه‌و دیواره‌دا گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن. به‌لام ئه‌و مه‌رگه‌ی سه‌ر شانۆ ئاگادارکردنه‌وه‌یه‌کی رێئالیستانه‌یه بۆ سیاسه‌تمه‌دارنی کورد، که گه‌ره‌که روو له ئامانجه‌کانی سیاسه‌ت بکه‌ن و زوو هاوکۆیی بخنه ناو کۆمه‌ڵگا و چیتر دیواره‌کان به‌رز نه‌که‌نه‌وه، سیاسه‌ت ئه‌وه‌یه هه‌موو پێکه‌وه بکه‌ونه پێشپڕکی بۆ دۆزینه‌وه‌ی ژیانێکی به‌خته‌وه‌ری دوور له دیوار و په‌رژین و هێل.
ده‌ستخۆشی له هونه‌رمه‌ندانی لاوی "گروپی گه‌نج بۆ شانۆ" ده‌که‌م بۆ ئه‌و به‌رهه‌مه جوان و سه‌رکه‌وتوو و ئازایانه‌یان. ناوه‌ندی رۆشنبیری کوردی ئه‌لمانی و ده‌زگای به‌درخانیش، که ده‌رفه‌تییان بۆ ئه‌و گروپه جوانه ره‌خساند، شایسته‌ی ده‌ستخۆشی و ئافه‌رینن.