هونەرمەندی گەورە بە کردار گەورەیی و خۆشەویستی بۆ هەونەرەکەی نیشاندەدات
هونەرمەندی گەورە بە کردار گەورەیی و خۆشەویستی بۆ هەونەرەکەی دەردەبڕێت

لە کاتی سەرقاڵی تێستی دەنگدا بۆ خۆ ئامادەکردنی سازدانی ئێوارەیەکی کوردی بۆ کوردانی دانیشتوی بەرلین، زەنگی تەلەفۆن لێیدا و هەواڵی مەرگ گەیشتە هۆڵەکە، خوشکەکەت کۆچی دوایی کرد، گریان دڵتەنگی تەمی غەم هۆڵەکەی گرت. ئەو هەواڵە دڵتەزێنە، هەواڵی کۆچی دوایی خوشکی کاك ئەحمەد هاشمی هونەرمەند بوو.

ئەم هونەرمەندە گەورەیە بە دڵی پڕ لە گریانەوە بەردەوامی بە پرۆبەدا و لە پاشانیشدا بە دەنگە بەسۆزەکەی گۆڕانی دەچڕی، ئەویش لەبەر خۆشەویستی بۆ هونەر و ئامادەبوان..

بە بانگهێشتی یانەی ڕافیدەینی ڕۆشەنبیری عێراقی و بە هاوکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیپی موسیقای باواجی کۆیە بۆ بەشداری لە شەشەمین ڕۆژی کلتوری عێراقی گەیشتە بەرلین.

لە ٢٢/٨ شەوێکی پڕ سۆز و موزیکی کوردی و عێراقییان بۆ ئامادەبوان نەخشان و بونە جوانترین چەپکە گوڵی ئەو چالاکییە عێراقییە. ئەندامانی ئەم گەشتەی تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە پێکهاتبو لە شەش ئەندام بەم ناوانە `` ئارەزو ئیسماعیل سەرپەرشتیاری تیپ، سەنگار عەبدولخالق، هێمن عەبدول حەمید، سەفین عەبدول ڕەزاق، ئەحمەد هاشم و لێوژە جەلال``.

بەگوێرەی بەرنامەی داڕێژراوی تیپەکە دەبوایە چەندین چالاکییان لە چەند وڵاتێکی ئەوروپا بنوانایە، بەڵام بەهۆی نەخۆشی ئەندامێکی تیپەکەوە بەرنامەکەیان بۆ نەچوەسەر.

هەربۆیە تەنها لە بەرلین چالاکییان هەبو، جگە لە بەشداری لە ڕۆژی کلتوری عێراقی، لەسەر داوای نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەڵمانیا، ئێوارەیەکی کوردییان بۆ کوردانی دانیشتوی بەرلین سازدا، کە تیایدا گوزەرێکیان بە ناو گۆرانی‌یە کوردیە فۆلکلۆرییەکاندا کرد و زەنگی شادی و وەبیرهێنەریان لێدا و ئامادەبوانیان تێکەڵ بە سۆزی موزیکی کوردی کرد و بۆ چەند ساتێك زۆربەی ئامادەبوانیان خستە دەریای یادەوەری و خۆشەویستی‌یەوە. پاشانیش بە هاوکاری هونەرمەند باسل چەند گۆرانی و پارچەموزیکێکی تر پێشکەشکرا.

لە چاوپێکەوتنی ماڵپەڕی کورد لە بەرلین لەگەڵ ئەندامانی تیپەکە، هەست بە دڵخۆشی ئەندامانی تیپەکەکرا و باسیان لە جوانی و ڕێکخراوەیی کار و بار و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی لە بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتانە کرد و لە هەمانکاتدا باسیان لە گرنگی ئەم سەردانانە کرد بۆ بەرەوپێشچونی توانای گروپ و ئەندامان بە بینین و وەرگرتنی ئەزمونی وڵاتان هەربۆیە خوازیاری چەندبارەبونەوەی ئەم جۆرە سەردانانە بون.

ئەوەی جێ‌ی سەرنجی ئەندامانی تیپەکە بوو لە بەرلین ئەمانەبون: بونی ڕێژەی زۆری سەوزایی، بونی زۆری سەگ، جگەرەکێشی ژن لە ڕێگەوبانەکان، پاکوخاوێنی، بەخزمەت و دڵسۆزی کوردانی دەرەوە بەرامبەر بە میوانانیان. ئەوەی جێگەی باسە تیپی موسیقای باواجی کۆیە لە ساڵی ١٩٥٨ بەردی بناغەی لە لایەن مامۆستا باکوری دانراوە و شانبەشانی تیپەکانی مۆسیقای سلێمانی و هەولێر و دهۆك و پاشای گەورە دەرکەوتو بوە، لە هەمانکاتیشدا قوتابخانەیەکی مەزنی ئەو دەڤەرەبوە بۆ پێگەیاندن و گەشەپێدانی هونەرمەندان و هونەر.

ban Copyright © 2010 Salar service