که‌رکووک و ناوچه دابڕاوه‌کانی دیکە بەشێکی دانەبڕاون لە خاکی کوردستان
ئه‌ی خه‌ڵکی ئازا و بە ئەمەکی گه‌رمیان و خانه‌قین و که‌لار و کفری و دوز و شێخان و جه‌له‌و‌لا و باباگوڕگوڕ کە لە زێد و خاکی باب و باپیرانمان دایانبڕیوین، با بەخۆمان کوردستانێتی ناوچەکانمان بسەلمێنین.
ئێمه به درێژایی مێژوو، هه‌موو شێوه‌کانی چه‌وسانەوەمان چه‌شتوه، خێزانی کورد نییە چەندین جار ماڵی نه‌روخابێ و تاڵان نه‌کرابێ و ئاواره نەبووبێ و شه‌هیدی نه‌دابێ و به هه‌زاران کەسی لێ راگوێز و زیندانی نه‌کرابێ، رژێمی به‌عس ناوچه‌کانی چه‌مچه‌مال، که‌لار، کفری، دوز، شێخان، هتد ... له که‌رکووک و خاکی کوردستان دابڕی، به‌وەش له‌لایه‌که‌وه زیاتر له 300.000 کوردی له شاری که‌رکووک دابڕی، له‌لایه‌کی تریشه‌وه تا له داهاتوودا کورد به‌شێوه‌یەکی یاسایی ئه‌و ناوچانه وه‌کو پارچه‌یەک لە خاکی کوردوستان لەدەست بدات.
پاش روخانی رژێمی سه‌دامی گۆربه‌گۆر، هه‌ل و مه‌رجی زۆر له بار هاتنه پێشه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانە بگەڕێنەوە بۆ باوەشی که‌رکووک و خاکی کوردستان، بەڵام حکومەت و دەسەڵاتدارانی کورد بەبیانووی ئەو بڕە بودجەیەی کە لەلایەن حکومەتی مەرکەزییەوە بۆ چەمچەماڵ و هەندێک ناوچەی تر تەرخان کراوە، نەیانویست چەمچەماڵ بگەڕێتەوە سەر شاری کەرکوک، چونکە بە بۆچوونی ئەوان، ئەگەر کەرکوک لە داهاتوودا نەگەڕێتەوە سەر هەرێم ئەوا ئەو بڕە پارەیەش لەدەست دەچێت. بەمەش خەون و خواستی هەزاران شەهید و شۆڕشگێڕی رۆڵەی کوردیان پێخوست کرد.
ئێستاش سەرجەمی پارت و رێکخراوه عه‌ره‌بییه‌کان، کە بەهەوڵ و کۆششی سەرکردەی ئێستای کورد خۆیان رێکخستەوە، رێگا نا‌ده‌ن ئه‌و ناوچانە بگه‌رێنه‌وه بۆ دۆخی جارانی پێش پرۆسەی بەعەرب-کردنیان لەلایەن سەددام و ئەوانی پێش ئەو. چونکه ئەوان ده‌زانن کە دانیشتووی ئه‌و ناوچانه هه‌موو کوردن و هەر کوردیان تێدا زۆرینەیە. ئەگەر هات و بە هەرچ شێوەیەک لە شێوەکان شاری کەرکووک و ئەو ناوچانەی لێی دابڕاون نەگەڕێنەوە بۆ سەر خاکی کوردستان، ئەوا ئەوکاتە حکومەتی مەرکەزی و پارتە شۆفینیە عەرەبییە و تورکییەکان دیسانەوە هەوڵی گەڕانەوەی ئەو ناوچانە بۆ سەر شاری کەرکووک دەدەن، بۆ ئەوەی ئەو ناوچانەش لە کوردستان دابڕنەوە و بەبیانووی گەڕانەوەی ناوچە دابڕاوەکان بۆ دۆخی جارانی پێش پڕۆسەی تەعریبکردنیان! جا ئەو کاتە کورد گوتەنی لە قەلان و لە کۆتران دەبین! واتە کەرکووک و ئەوناوچانەشمان لەدەست دەچێت.
جا ئێستا ده‌نگ وایه سه‌رژمێری له عێراق و هه‌رێمی کوردستان بکرێت.
هه‌رچه‌نده حکومه‌تی بەناو دیموکراتی نوێی عێراق! چه‌ند جارێکه ئه‌و سه‌رژمێریه دوا دە‌خات و هه‌ر جاره‌ی به بەهانه‌یه‌ک، بۆ ئەوەی به‌شێوه‌یه‌کی یاسایی بۆ جیهانی بسەلمێنن که ئه‌و ناوچانه سەر بە کوردستان نین و زمان و کولتوری کوردیان تیا بسڕنەوە.
بۆیه ئه‌م سه‌رژمێریه زۆر گرنگ و چاره‌نوسسازه بۆ داهاتوی که‌رکووک و ئه‌و ناوچانه‌ی که له کوردستان دابڕاون.
گه‌لی کورد هیچ گومانی له کوردستانیه‌تی که‌رکووک و ناوچه دابراوه‌کان نییه، به‌لکو به به‌ڵگه‌ی مێژویی و جیوگرافی وئیتنۆگرافی وه‌کو به‌شێکی دانه‌بڕاو له کوردستان ده‌یژمێرێت، به‌ڵام له پاش ئه‌و هه‌مو تەعریب و راگوێزان و سه‌رژمێری نه‌کردنه، ده‌بێ ئێمه به شێوەیەکی سه‌رده‌میانه و یاسایی جارێکی تر بیسەلمێنین که ئه‌و ناوچانه سەر بە کوردستانن و رێگا لە ناحەز و دوژمنانی نەتەوەکەمان بگرین کولتور و جوگرافیای نیشتمانه‌که‌مان بشێوێنن و چه‌واشه‌ی بکەن.
هه‌ندێک ئه‌ڵێن ئه‌مه ئه‌رکی نه‌ته‌وایه‌تی و مێژوویی سه‌رشانی حکومه‌تی کوردستانه، بۆ ئەوەی هه‌موو ئاسانکاریه‌ک بکات بۆ به‌شداری کردنی کوردانی ئاوارەی هه‌نده‌ران تا له پرۆسه‌ی سه‌رژمێریدا به‌شدار بن، بۆ ئه‌وه‌ی ژماره‌ی راستەقینەی کورد له که‌رکووک و ناوچه دابراوه‌کانی دیکە دیسانه‌وه که‌م نه‌کرێته‌وه. بەڵام به داخه‌وه هه‌لوێستی حکومەتی هەرێم لەوبارەیە تا ئێستا ئاشکرا نییە.
با ئێمەش چیتر له‌وه زیاتر چاوه‌روانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردوستان و هیچ لایەکی تر نەکەین. ئه‌گه‌ر ئێمه له‌م رۆژه گرینگ و ناسک و چارەنووسسازەدا پشت بە خۆمان نەبەستین، ئه‌وا داهاتوی کوردستان ئه‌که‌وێته ژێر هەڕەشە و مه‌ترسییه‌وه.
با هەمومان پێکه‌وه و به کۆمەڵ بچینه‌وه بۆ کوردستان، بۆ ئەوەی هەر یەکێک لە ئێمە له ماڵی خۆی و له سه‌ر خاکی خۆی و باب و باپیرانی جارێکی تر پەنجە بۆ چاوی دوژمنانی کورد درێژ بکات و بیسەلمێنێت که ئێمەی کورد رۆڵەی راستەقینەی ئه‌و ناوچانه‌ین. به‌مه‌ش ئێمه جارێکی تر دەیسەلمێنین، که هه‌رچه‌نده به هه‌زاران کیلۆ مه‌تر لە کوردستان دورین بەڵام بە هیچ جۆرێک دەست له خاک و نیشتیمانی خۆمان هه‌ڵناگرین.
به‌رێزان و دڵسۆزانی کورد و خاکی کوردستان
ئەوەتان لەبیرنەچێت کە بەشداریکردنمان لەو سەرژمێرییەدا سەرمان بەرامبەر بە مناڵ و نەوەکانی داهاتوومان و بەرامبەر بە مێژووی میللەتی کورد بەرزدەکاتەوە و هاوسەنگی ئەو خەباتەیە کە شەهیدانی خەباتی رێگای ئازادی کورد و کوردستان داویانە و لەپێناویدا شەهیدکراون، چونکە بەشداری نەکردن لەو سەرژمێرییەدا لەدەستدانی بۆ هەمیشەی ئەو ناوچانەیە.
بانگەوازی:
• رێکخراوی ده‌نگ ( ده‌نگدانه‌وه‌ی کوردستانیه‌تی که‌رکووک )
• تۆری دامه‌زراوه کوردییه‌کان له وڵاتی ئه‌لمان.
• ناوه‌ندی کولتوری کورد له نویرنبێرگ.
-->